“رۆژنامەی زە ئێکسپرێس”ی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوى خۆى بڵاویکردەوە، ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ ئەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە رێژەی 90%، ئەمەش رێژەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوەی جەنگی کە لە موشەکی بالیستی بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە هەرچەندە ئێران 18 مانگی دیکەی دەوێت بۆ دامەزراندنی سیستمێکی گەیاندنی کارا، بەڵام گەیشتن بە ئاستی پیتاندنی 90%ی یۆرانیۆم “ترسە” بۆ وڵاتە رۆژئاوایی و هەرێمیەکان، ناچاریان دەکات بژاردەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەتی ئێران هەڵبسەنگێننەوە.
ئیسترائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە وەک دواچارەسەر، کردەی سەربازی ئەنجامدەدات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، هەرچەندە ئومێدی هەیە کە پشتگیری لە دەوڵەتانی رۆژئاوا و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئامادەشە بەتەنها خۆی ئەو کارە ئەنجام بدات، رژنامەکە ئەمەى نوسیوە.
ئیسرائیل:
وەک دواچارەسەر، کردەی سەربازی ئەنجامدەدەین بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران
رۆژنامە بەریتانیەکە دەڵێت، پێویستە ئەو کردە سەربازیە بۆ سەر وێستگە ئەتۆمیەکان بە زویی ئەنجام بدرێت، چونکە هەرکاتێک ئێران گەیشتە بەربەستی ئەتۆمی دەتوانێت مادەکانی خۆی لە قوڵایی 60 مەتر لە ژێر زەویدا لە وێستگەی پیتاندنی فۆردۆ لە نزیک قوم بنێژێت.
دکتۆر بەهرام گیاسی، پسپۆری ئەتۆمی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئێستا ئێران 75 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتاندوە و رێژەکەی 60%ە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاستی پیتاندنەکە دەگاتە %90.
لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاستی پیتاندنی ئەتۆمی ئێران دەگاتە %90
تاران دەیەوێت بە رێگەی ئەتۆم دۆخی خۆی بەهێز پیشان بدات، پێیوایە بەم هەنگاوانە لە بابەتی گۆڕینی سیستمی وڵاتەکە دوردەکەوێتەوە، وەک رۆژنامەی زە ئێکسپرێس ئاماژەى پێداوە.
پسپۆران پێیانوایە بەرەی ئێران لەگەڵ چین و روسیا، زەنگی مەترسین، کاتیش دەڕوات بەبێ ئەوەى لە بەرژەوەندى وڵاتە رۆژئاوایی و هەرێمیەکانى وەک ئیسرائیل بێت.
سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هەرچەندە چین کێشەیەکی گەورە و درێژخایەنە بەو پێیەی بەهۆی پێدانی داهاتی نەوت بە ئێران سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات، بەڵام زیاتر سەرقاڵین بە هاریکاریەکانی نێوان ئێران و روسیا.
چین بەهۆی پێدانی داهاتی نەوت بە ئێران سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات
ئێران فڕۆکەی بێفرۆکەوانی “شاهد131 و شاهد 136” داوە بە روسیا کە لە هێرشەکانى بۆسەر ئۆکراین بەکارى دەهێنێت، لەبەرامبەردا چاوەڕوانى پاداشت لە روسا دەکات، هەرچەندە روسیا رەنگە نەتوانێت هاوکاری زۆرى ئێران بکات لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام هێشتا روسیا دەتوانێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و توانای ئەلیکترۆنی زۆر بەرز بۆ ئێران دابین بکات، لەگەڵ دابینکردنى مانگی دەستکردی هەواڵگری ئەلیکترۆنی بۆ ئێران.
بەهۆی هەموو خاڵەکانی باسکران، وەک رۆژنامە بەریتانیەکە دەڵێت “لێدانی سەربازی لە ئێران کارێکی ئەستەم و ئاڵۆزە”.
بینی گانتس، وەزیری ماوە کۆتاییهاتووى بەرگری ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئیسرائیل پێویستی بە دوو ساڵی دیکەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئیسرائیل.
چەکی ئەتۆمی چییە؟
چەکی ئەتۆمی یاخود بۆمبی ئەتۆمی مەترسیدارترین چەکی کۆکوژە کە گەورەترین زیان بە مرۆڤ، گیانداران و سروشت دەگەیەنێت. ئەمریکا بۆ یەکەمجار بۆمبی ئەتۆمی لە ساڵانی چلەکاندا بەرهەمهێنا و لە 16ی تەمموزی 1945 لە بیانانی ئەلامۆگۆردۆی ویلایەتی نیومەکسیکۆ تاقی کردەوە.
لە جیهاندا دوو جار لە جەنگدا بۆمبی ئەتۆمی بەکارهێنراوە، ئەویش لەلایەن ئەمریکاوە بووە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا لە بەرامبەر شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن کە بەو هۆیەوە زیاتر لە 120 هەزار کەس کوژران و بە سەدان هەزار کەسی دیکەشی کوێر و کەمئەندام و تووشی شێرپەنجە کرد.
تاوەکو ئێستا دوو هەزار جار بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن روسیا، فەڕەنسا، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، پاکستان، هیندستان و کۆریای باکورەوە تاقیکراونەتەوە.
چەکی ئەتۆمی کە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە بەرهەم هێنراون چەند جۆرێکن کە ئەمانەن: چەکی ئەتۆمی کەرتبوو، بۆمبی ئەتۆمی یەکگرتوو و چەکی ئەتۆمی کۆکراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2019، نۆ وڵاتی جیهان خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمین کە لە رێگەی موشەکەکانەوە دەتەقێندرێن کە ئەمانەن: روسیا خاوەنی 7300 کڵاوەی ئەتۆمی، ئەمریکا 6970 کڵاوەی ئەتۆمی، فەرەنسا 300 کڵاوەی ئەتۆمی، بەریتانیا 215 کڵاوەی ئەتۆمی، پاکاستان نزیەکی 130 کڵاوەی ئەتۆمی، هیندستان نزیکەی 120 کڵاوەی ئەتۆمی، چین 260 کڵاوەی ئەتۆمی، ئیسرائیل نزیکەی 60 کڵاوەی ئەتۆمی و کۆریای باکور نزیکەی 10 کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە.
وڵاتانی ئوکراینا، بیلارووسیا، کازخستان و ئەفریقای باشوریش خاوەنی ژمارەیەک کڵاوەی ئەتۆمی بوون، بەڵام بە رێککەوتن چەکەکانیان لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو گواستەوە بۆ رووسیا و ئەفریقای باشوریش دەستی لە چەکە ئەتۆمیەکان هەڵگرت.
لە ئێستادا چەندین ولاتی وەک ئەرجەنتین، ئەڵمانیا، ژاپۆن، بەڕازیل، هەنگاریا، ئیتاڵیا، کەنەدا، کۆریای باشور و ئوستەڕالیا ئەو ولاتانەن کە نزیکن لە بەرهەم هێنانی کڵاوەی ئەتۆمی.
هەرچەندە لەساڵی 1963دا 135 وڵاتی جیهان رێککەوتننایە سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمیان واژۆ کرد، بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانە بەڵێنەکانیان نەبردە سەر و دواجار لە ساڵی 1996دا بەڵێننامەیەکی دیکە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن 71 وڵاتەوە واژۆکرا، بەڵام بۆ ئەوەی کار بە بەڵێننامە بکرێت، پێویستە 44 وڵاتی دیکەش واژۆی بکەن.
زاناکان دەڵێن، ئەگەر لە جیهاندا، بەتەنیا 100 کڵاوەی ئەتۆمی پێکەوە و لە شەڕدا بتەقێندرێن، جگە لەوەی بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن، هەروەها نزیکەی 5 ملیۆن تۆن کاربۆنی رەش بەسەر ئاسمانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە و تاوەکو نزیکەی 50 ساڵ، پلەکانی گەرما بۆ 25پلە بۆ ژێر سفر نزم دەبنەوە و هیچ گژوگیا و رۆکێک نامێنن و بەوەش دوو ملیار کەسی دیکە لە جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن.