زووم:
ئەم بەیانییە یەکەم کاری محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو لە پۆستەکەی، هاوکات عەلی عەلاق-ی لە شوێنەکەی دانا “بە وەکالەت”.
سودانی هاوکات لەگەڵ دورخستنەوەی مستەفا غالیبدا، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراقیشی خانەنشین کرد و بیلال حەمدانی خستە جێگەکەی.
ئەم بڕیارەی سودانی پاش ئەوە دێت، بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە دابەزین کردووە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا. لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوەکو 169 هەزار دیناریش رۆیشت.
https://zoomnews.info/%d8%b3%d9%88%d8%af%d8%a7%d9%86%db%8c-%d9%be%d8%a7%d8%b1%db%8e%d8%b2%da%af%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d9%86%da%a9%db%8c-%d9%86%d8%a7%d9%88%db%95%d9%86%d8%af%db%8c%db%8c-%d8%b9%db%8e%d8%b1%d8%a7/
بەوهۆیەوە مستەفا غالیب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، کە بەرزترین دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنی بەهای دینار، روبەڕوی رەخنەی “زۆر” بووەوە. ئێستاش دەنگۆ هەیە خۆپیشاندان دژی دابەزینی بەهای دینار بەڕێوەبچێت.
پارێزگارە تازەکەی بانکی ناوەندی کێیە؟
عەلی موحسین عەللاق، کە ئێستا بە وەکالەت بووەتە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پێشتر و لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2020 بەهەمانشێوە بە وەکالەت پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی بانکەکە بووە.
عەللاق، لە ساڵی 2020ەوە سەرۆکی پارێزگارەکانی سندوقی دراوی عەرەبییە. پێشتریش پارێزگاری عێراق بووە لە بانگی گەشەپێدانی ئیسلامی و هەروەها سندوقی دراوی عەرەبی.
لە ساڵانی 2007 تاوەکو 2014 سەرۆکی ئەنجومەنی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بووە لە عێراق.
ئەزموونی لەنێو حکومەتیشدا هەبووە، لە 1977 تاوەکو 2003 ئەرکی جیاجیای لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێ سپێردراوە. لە کوەیت و کەنەدا شرۆڤەکاری ئابووریی بووە. لە 2006 تاوەکو 2014 ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە.
لە ساڵی 1976 بەکارلۆریۆسی لە ژمێریاری و کارگێڕیدا بەدەستهێناوە لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغداد. پاش دوو ساڵ لە زانکۆی بەغداد دبلۆمی باڵای لە زانستی داراییدا بەدەستهێناوە.
لە سەردەمی عەلی عەلاق، نرخی دۆلار لە 1250 دینار جێگیر بوو
لە سەردەمی عەلی موحسین عەلاق نرخی دۆلار جێگیر بوو بەرادەیەک نرخی دۆلارێک تەنها 1250 دینار بوو، لە کۆتاییەکانی 2020 و دوای سەردەمی عەلی عەلاق، بانکی ناوەندی نرخی ئاڵوگۆری دراوی بەرزکردەوە بۆ 1450 دینار
ئەرکەکانی بانکی ناوەندی و پارێزگارەکەی
ئەرکی سەرەکی بانکی ناوەندی بەدیهێنانی سەقامگیری و جێگیرکردنی نرخی دراوە لە عێراق، داڕشتنی سیاسەتی دراو، دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆری دراوی عێراقی
جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بانکی ناوەندی لە ئەستۆی ئەنجومەنی بەرێوەبردنە، ئەنجومەنەکە لە پارێزگاری بانک و دوو جێگر و سێ لە گەورە بەرێوەبەرانی بانک (بەرپرسانی لقەکان بە شێوەی سوڕ)
پارێزگار و جێگرەکانی پێویستە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرەو سەرەوە بن لە یەکێک لە بوارەکانی (دراو، بانک، بازرگانی، ئابوری، دارایی و یاسا)
پارێزگاری بانکی ناوەند بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت لەلایەن سەرۆکوەزیران و بە رەزامەندی پەرلەمان، هەلبژاردنەکە بۆ پێنج ساڵە و دەکرێت دوبارە هەڵبژێردرێتەوە
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی بانکی ناوەندیە و بەرپرسە لە راپەراندنی ئەرکەکانی بانکی ناوەندی، ئەرک و دەسەڵاتەکانی پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنەکە دیاری دەکرێت
لە حاڵەتی یەکسانبونی دەنگدان لەسەر پرۆژەیەک لە ئەنجومەنی بەرێوەبردن، دەنگی پارێزگاری بانک یەکلاکەرەوە دەبێتپێنج ساڵە و دەکرێت دوبارە هەڵبژێردرێتەوە
سەرۆکی حکومەت لەم حاڵەتانەدا دەتوانێت پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دوربخاتەوە/
▪️ ئەگەر لەلایەن دادگا بانگهێشت بکرێت و گومان لە دەستپاکی بکرێت لە دۆسیەی پارەدا
▪️ ئەگەر سەلمێنرا کەسەکە شیاو نیە بۆ پۆستەکە لەلایەن دادگای تایبەتمەند
▪️ ئەگەر کەسەکە لە روی عەقڵی و بەدەنی گرفتی هەبێت
▪️ ئەگەر کەسەکە پۆستێک یان کارێکی دیکە بەرێوەببات
▪️ ئەگەر پەیوەندی خزمایەتی و خوێنی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەرێوەبردن هەبێت یاخود ئەگەر پارێزگارەکە چەند جارێک ئامادەنەبێت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی بانکی ناوەندی
▪️ دەبێت پێش لەکارلادانی لەلایەن سەرۆکوەزیران گوێی لێبگیرێت و لەکاتی لەکارلادانی هۆکارەکان رابگەیەندرێت