زووم:
ئەم بەیانییە یەکەم کاری محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو لە پۆستەکەی، هاوکات عەلی عەلاق-ی لە شوێنەکەی دانا “بە وەکالەت”.
عەلی عەلاق، بە وەکالەت بانکی ناوەندی بەرێوەدەبات
ئەم بڕیارەی سودانی پاش ئەوە دێت، بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە دابەزین کردووە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا. لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوەکو 169 هەزار دیناریش رۆیشت.
سودانی، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراقیشی خانەنشین کرد
بەوهۆیەوە مستەفا غالیب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، کە بەرزترین دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنی بەهای دینار، روبەڕوی رەخنەی “زۆر” بووەوە. ئێستاش دەنگۆ هەیە خۆپیشاندان دژی دابەزینی بەهای دینار بەڕێوەبچێت.
سودانی هاوکات لەگەڵ دورخستنەوەی مستەفا غالیبدا، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراقیشی خانەنشین کرد و بیلال حەمدانی خستە جێگەکەی.