زووم:
رۆژی 22ى کانوونى یەکەمى 1946 لە ئاهەنگێکی جەژنئاسادا لە شاری مەهاباد، قازی محەمەد کۆماری کوردستانی راگەیاند، کە بە یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی مێژووی کورد دادەنرێت.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەمریکییەکان 15 رۆژ دوای راگەیاندنی کۆمارەکە بە رووداوەکەیان زانی، ئەویش پاشئەوەی کونسوڵی تورکیا لە تەورێز، کونسوڵی ئەمریکا ئاگاداردەکاتەوە کە کورد کۆماری سەربەخۆی راگەیاندووە.
ئەم درەنگکەوتنەی ئەمریکییەکان لە کاتێکدابوو، ئەوکات خەڵک وایدەزانی هیچ شتێک بەبێ ئاگاداری ئەمریکییەکان سەرناگرێ. بەڵام راستییەکە ئەوەبوو کە ئەمریکییەکان لەم ناوچەیەدا هێشتا جێ پێی خۆیان قایم نەکردبوو.
سۆڤیەت بزوێنەری گۆڕانکارییەکان بوو
لە ئێرانی دوای دووەمین جەنگی جیهانیدا، یەکێتیی سۆڤیەت بڕیاردەری هەرەباڵای ئێران بوو. لەو سەروبەندەدا لە ئێران دوو کۆماری تازە بە ئاگاداریی سۆڤیەت بنیاتنران، ئەوانیش کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان بوون.
ولیەم ئیگڵتنی ئەمریکی، کە کتێبی “کۆماری کورد”ی نووسیوە و یەکەم نووسەریشە بە شێوەی مەیدانی کتێبێکی لەبارەی کۆماری کوردستانەوە ئامادەکردبێ، دەڵێت: بەریتانیا و ئەمریکا پێکەوە سەرقاڵی پرسی کۆماری ئازەربایجان بوون و نەیاندەزانی کە کۆمارێکی کوردیش بەو خێراییە سەرپێ دەکەوێت؛ بۆیە بایەخێکی ئەوتۆیان پێنەدا.
ئەمریکای چاودێر
لە ساڵی 1945 بەدواوە، ئەمریکییەکان لە رێگەى باڵیۆزخانەکەیان لە تاران و کونسوڵخانەکەیان لە تەورێز، بە تەواوی چاودێریی رووداو و گۆڕانکارییەکانیان دەکرد، بەتایبەت لە باکووری رۆژئاوای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەو ساڵانەدا بە سەدان راپۆرتی تایبەت بە کوردستان و ئازەربایجان رەوانەی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەیان کراوە. ئەوان ئاگایان لە زۆربەی رووداوە سەربازیی و کۆمەڵایەتییەکان بووەو گرنگیان پێداون.
بەڵام ئەم رووداو و گۆڕانکارییانەیان وەکو کارێکی ناوخۆیی ئێران تەماشا کردووە و دەستوەردانیان نەکردووە.
ئەمریکا دەچێتە مەهاباد
پاش دوو هەفتە لە راگەیاندنی کۆماری کوردستان، ئەمریکییەکان بە رووداوەکە دەزانن و باڵیۆزخانەکەیان لە تاران گرنگیی دەدات بە رووداوەکانی کوردستان و چەند مانگێک دواتر نوێنەرێکی تایبەت بەناوی “ئارچیباڵت رۆزڤێڵت” دەنێرێتە شاری مەهاباد کە پایتەختی کۆمارە تازەکەبوو
رۆزڤێڵت لە کورستان خۆی “وەک نوێنەری سەربازیی ئەمریکا” دەناسێنێ، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە رۆزڤێڵت مەئمووری دەزگای سی ئای ئەی بووە. مەئموورییەتەکەشی بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی کۆماری کوردستانە تاوەکو لە کۆتاییدا بە راپۆرتێک وڵاتەکەی ئاگاداربکاتەوە.
رۆزڤێڵت نایشارێتەوە کە ئەو لەژێر کاریگەریی سۆزێکی زۆردایە بۆ کورد، بەتایبەت لەوکاتەوە کە لە ساڵی 1945دا دەچێتە بەغداد و بە چەند کەسایەتییەکی کورد و مەسەلەی کورد ئاشنا دەبێ.
رۆزڤێڵت لە مەهاباد دەچێتە ئۆفیسە تایبەتەکەی قازیی محەمەد و وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە هەرزوو کەسایەتیی قازی محەمەدی خۆشویستووە، بەڵام گلەیی ئەوەی لێدەکات کە بۆچی لە مەهاباد ئەوەندە وێنە و پۆستەری لینین و سەرکردە کۆمۆنیستەکان هەڵدەواسن؟
قازی محەمەد لە وەڵامدا دەڵێت: کورد چاوەڕێ بوو ئەمریکا وەکو پێشکەوتووترین میللەتی دنیا یارمەتیمان بدات، بەڵام هیچی نەکرد. قازی محەمەد پێی دەڵێت، ئێمە هەرکەسێک کۆمەکمان بکات سوپاسی دەکەین بەڵام خاوەن ئیرادەی خۆشمان دەبین.
رۆزڤێڵت کاتێک بەناو شاری مەهاباددا دەگەڕێت، سەرنجی ئەوە دەدات کە خەڵک ئازادانە گوێ لە رادیۆکانی لەندەن و ئەنقەرە دەگرن کە ئەمەیش هێمای هەبوونی ئازادییە بۆ خەڵک. لە کاتێکدا لە کۆماری ئازەربایجان خەڵک تەنیا بۆی هەبوو گوێ لە رادیۆی مۆسکۆ بگرێت. بۆیە ستایشی کۆماری کوردستان دەکات، کە ئازادی فەراهەمکردووە بۆ خەڵکەکەی.
رۆزڤێڵت لەو راپۆرتەیدا کە بەرزی دەکاتەوە بۆ وڵاتەکەی، لەگەڵ هەبوونی سەرنج و تێبینییەکانی سەبارەت بە لایەنگریی کۆماری کوردستان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام کۆمارەکە بە گرنگ وەسفدەکات و نووسیویەتی ئەگەر زیاتر بمێنێتەوە ئەوا پایەکانی دیموکراسی بە زوویی تێیدا گەشە دەکات.
ئەمریکا هەرچەندە دواتر ئاگاداری رەوشی کۆماری کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا شەرعیەتی بە دەوڵەتی ئێران دەدا کە بە زەبری هێز کوردستان و ئازەربایجان داگیر بکاتەوە.
جۆرج ڤی ئاڵن باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لە تاران، لە راپۆرتێکیدا کە مانگی 10ی ساڵی 1946 بۆ وەزارەتی دەرەوەی ناردووە، نووسیویەتی “مافێکی رەوای تارانە کە ئاسایشی هەموو وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر رکێفی خۆیەوە، بۆیە هێرشەکانی کە دەیانکاتەوە سەر کۆمارەکانی ئازەربایجان و کوردستان حەق و رەوان”.
ئەمریکا و لەسێدارەدانی پێشەوا
دوای داگیرکردنەوەی کوردستان و کۆتاییهاتنی کۆمار، ئێران دەستیکرد بە دادگاییکردنی بەرپرسانی کۆماری کوردستان. کاتێکیش “ئارچیباڵت رۆزڤێڵت” کە بە نوێنەرایەتی ئەمریکا چووبووە مەهاباد و قازی محەمەدی بینیبوو، دەیزانی کە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بۆیە زۆر هەوڵدەدات رزگاری بکات.
سۆزی “رۆزڤێڵت” بۆ کۆماری کوردستان، پەیوەندیی هەبوو بەو گەڕان و پشکنینەی لە مەهاباد ئەنجامیدابوو. ئەو پێیوابوو ئەمریکا دەبێ داوا لە ئێران بکات ئەو ئەزموونە بمێنێتەوەو گەشەی زیاتری پێ بدرێت.
جۆرج ئاڵنی باڵێۆزی ئەمریکا سەری سووڕ دەمێنێ کە رۆزڤێڵت بۆچی هێندە پەرۆشە بۆ قازی محەمەد و داوا دەکات فشار بخرێتە سەر شای ئێران بۆئەوەی لە دادگایەکی عادیلانەدا لە تاران دادگایی بکات.
کاتێکیش باڵیۆزی ئەمریکا ئەو داوایە بەرزدەکاتەوە، شای ئێران لە وەڵامدا دەڵێت: دەترسن گوللەبارانی بکەم؟ هەرگیز ئەوە لە خەیاڵی مندا نییە بێخەم بن.
کەچی لەو کات و ساتەی شای ئێران ئەو بەڵێنە دەدات، بەیانییەکەی زوو قازی محەمەد و یارانی لەسێدارەدران!