ئەمڕۆ لە چین ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێی چین، کە بە ساڵی کەروێشک ناسراوە بەڕێوەدەچێت. لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا خێزانەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە و ئاهەنگدەگێڕن.
ئاهەنگەکانی ئەمساڵ جیاوازن لە ساڵانی رابردوو، بەوپێیەی دوای سێ ساڵ یەکەمجارە لەدوای هاتنی کۆرۆناوە چین رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا هەڵبگرێت، هەربۆیە قەرباڵغی زۆر لە شارەکانى وڵاتەکە دەبینرێت.
لە رۆژژمێری چینیدا سەری ساڵی چین بە ساڵی مانگی ناسراوە، کە مانگەکانی هاوشێوەی مانگی عەرەبی، پەیوەستکراوە بە سوڕی نوێبوونەوە و کۆتاییهاتنی مانگەوە.
ئەم ساڵە لە زۆرێک لە وڵات و کلتورە جیاوازەکانی وڵاتانی ئاسیادا لە کاتی جیاوازدا دەکرێتەوە، کە بەناوبانگترینیان وڵاتى چینە.
هەر 12 ساڵ جارێک ناونانی ساڵی نوێ بەناوی ئاژەڵێکی جیاوازەوە دەنرێت. واتە هەر ساڵێک ناوی یەکێک لە 12 نیشانەکەی بورجی چینی لە خولێکی دووبارەبووەوە ناودەنرێت و ساڵی نوێی ئەمساڵیش بە ناوی کەروێشکەوە ناونراوە.
ساڵی نوێی چینی دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی شانگ لە سەدەی 14ی پێش زایین. لە سەردەمی (ئیمپراتۆر وو) لە هان، کە لەنێوان ساڵانی (140-87) پێش زاینى فەرمانڕەوایەتی کردووە. نەریتی ئەنجامدانی رێوڕەسمەکان لە یەکەم رۆژی ساڵی ساڵنامەی چینیدا دەستیپێکردووە.
بەڵام لە سەرەتای ساڵی 1949 و لەژێر دەسەڵاتی ماو تسی تۆنگ، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین، حکومەت ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی سەری ساڵی نەریتی چینی قەدەغەدەکرد و ساڵنامەی زاینی پەیڕەو دەکرد.
بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، سەرکردەکانی چین ئەو نەریتەیان بوژاندەوە و لە ساڵی 1996 چین پشوویەکی هەفتەیی بەبۆنەی سەری ساڵی چینییەوە دیایکرد، کە ئێستا بە فەرمی پێی دەگوترێت فێستیڤاڵی بەهار، کە دەرفەتی ئەوە بە خەڵک دەدات گەشت بکەن و ئاهەنگ بگێڕن بۆ ساڵی نوێ.