زووم، ئاژانسەکان:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت “ئێمەش سوپای وڵاتانی ئەوروپا بە رێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنین”، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر ناساندنی سوپای پاسداران وەکو “رێکخراوێکی تیرۆریستی” لەلایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمڕۆ بەرلە دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد و گوتی، سەرەتا ناساندنی سوپای پاسداران وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی” ئیسرائیلی تووشی هەڵەیەکی گەورە کرد، ئێستاش وڵاتانی ئەوروپا هەمان هەڵە دەکەنەوە.
قالیباف رەتیدەکاتەوە، بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا کاریگەریی جێبهێڵێت “سوپای پاسداران لە بەرامبەر تیرۆریزم شەڕ دەکات. بە ملیۆنان هاوڵاتی ئێرانی ئەندامی سوپای پاسداران و بەسیجن. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ملیۆنان کەس، پەیوەندیی قوڵیان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. هەر بڕیارێک لەبارەی ئەو سوپایەوە، بە مانای بڕیاردان دێت لە دژی ملیۆنان کەس لە ئێران و ناوچەکە”.
سەرۆکی پەرلەمان ئێران، ئاماژەی بەوەدا ئێران دەیەوێت دەرگای دیپلۆماسی دانەخرێت “ئێمەش لە وەڵامی بڕیارەکەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا، سوپای ئەو وڵاتانە بە رێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنین”.
هەر ئەمڕۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی ئێران بە بەشداری حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیپێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لەوە دەکرێت کە بە چی شێوەیەک وەڵامی پەرلەمانی ئەوروپا بدرێتەوە، کە سوپای پاسدارانی وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی” ناساندووە.
دوێنێش حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هۆشداریی دایە یەکێتیی ئەوروپا و گوتی “ئامۆژگاریی ئەوروپییەکان دەکەین هەڵەکانی رابردوویان دووبارە نەکەنەوە، چونکە دواتر باجەکەی دەدەن”.