زووم، ئاژانسەکان:
تورکیا دەسەڵاتدارانی سوید تۆمەتباردەکات بەوەی رێگەیان بە سیاسەتمەدارێکی راستڕەوی سویدی- دانیمارکی داوە، کە ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم ئەنجامبدات و “نوسخەیەکیش لە قورئان بسووتێنێت”.
سیاسەتمەدارە سویدی- دانیمارکییەکە بە ناوی راسمۆس بالۆدان، سەرکردەی پارتێکی “توندڕەو”ـی دانیمارکییە، ساڵی رابردوو بە هەماشێوە نوسخەیەکی قورئانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سووتاندبوو.
راسمۆس بالۆدان ساڵی رابردووش بە هەماشێوە نوسخەیەکی قورئانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سووتاندبوو
کەناڵی تەرەتەی تورکی، بڵاویکردەوە “سوید گڵۆپی سەوزی بۆ بالۆدان هەڵکردووە تاوەکو جارێکی دیکە نوسخەیەک لە قورئان بسووتێنێت”.
پاش بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی سوید، حکومەتی تورکیا دەستبەجێ بانگێشتی باڵێۆزی سویدی لە ئەنقەرە کردووە و پێی گوتووە “بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی حکومەتی سوید دەکەین”.
پۆلیسی سوید دوێنێ هەینی (20ی کانوونی دووەمی 2023) رایگەیاندبوو، کە راسمۆس بالۆدان رێگەی پێدراوە رۆژی شەممە خۆپیشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم ئەنجامبدات.
کەناڵی فەرمیی سوید، بڵاویکردەوە، رۆژنامەنووسێکی وڵاتەکە پێشنیازی بۆ بالۆدان کردووە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا نوسخەیەکی قورئان بسووتێنێت و “لەو رووەوە هەموو هاوکارییەکی دەکات”.
رۆژنامەنووسەکە “چانگ فرێک” بە کەناڵە سویدییەکەی گوتووە “مافی خۆمە وەکو رۆژنامەنووسێک رووماڵی رووداوەکە بکەم”.
راسمۆس بالۆدان لە ساڵی 2017ەوە زیاد لە جارێک و لە چەند شارێکی جیاوازی دانیمارک، نوسخەی قورئانی سووتاندووە.
بانگێشتکردنی باڵیۆزی سوید
پاش بڕیارەکەی حکومەتی سوید، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگێشتی باڵیۆزی سویدی لە ئەنقەرە کردووە و “بە زمانێکی توند هۆشداریی داونەتێ”.
چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی بە ئاژانسی ئەنادوڵۆیان گوتووە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا زانیاریی دەستکەوتووە کە لە بەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیدا لە ستۆکهۆڵم قورئان دەسووتێنرێت، بۆیە بە باڵیۆزی سویدیان گوتووە حکومەتی وڵاتەکەی ئاگاداربکاتەوە و رێگە بە کارێکی لەو شێوەیە نەدەن.