زووم:
پێنج ساڵ بەسەر هێرشی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاڤای کوردستان تێپەڕی و ئەو هاوڵاتییانەش کە بەهۆی هێرشەکەوە ئاوارە بوون، تاوەکو ئێستا بێهیوا نەبوون و دەڵێن “رۆژێک دەگەڕێینەوە زێدی خۆمان”.
لە 20ی کانونی دووەمی 2018، سوپای تورکیا و ژمارەیەک گروپی “توندڕەو”ی سووری وەک بەرەی ئەلنوسرە، هێرشێكی فراوانی زەمینی و ئاسمانییان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد. ئەگەرچی هێزەکانی هەسەدە بۆ ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان کرد، بەڵام بەهۆی ناهاوسەنگیی هێز و بەکارهێنانی نزیکەی 80 فڕۆکەی پێشکەوتوو و زیاتر لە 20 هەزار سەرباز و چەکدار، هێزە کوردییەکان شکستیان هێنا و عەفرین لەلایەن تورکیاوە کۆنتڕۆڵرا.
لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکەشدا، ئاوارەکانی عەفرین کە بەشێکیان لە پێنج کەمپدا لە حەلەب و شەهبا نیشتەجێن، دەستیان بە رێپێوان کرد.
لە شەهبا هەزاران کەس بە دروشمی “عەفرین موڵکی ئێمەیە و بە موڵکی ئێمە دەمێنێتەوە” رێپێوانێکیان ئەنجامدا و وێنەی چڵە زەیتونیان بەرزکردەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ قوربانیانی هێرشەکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر.
بەکر عەلۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی عەفرین، کە بەشداریی رێپێوانەکەی کردبوو، گوتی، “دانیشتوانی عەفرین ئامانجی رزگارکردنی عەفرین و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان لەبیر نەکردووە”.
لە حەلەبیش بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی ستار کە رێکخراویکی ژنانی رۆژئاڤای کوردستان و سوریایە، رێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.
نێرگز بەکر ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆنگرەی ستار، قسەی بۆ بەشداربووانی رێپێوانەکە دەکرد و دەیگوت، تورکیا هەموو کاتێک هەوڵیداوە، خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بکات “بۆیە داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هەوڵ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بدەن”.
هاوکات ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەیبەوەدا “رۆژانە لە شار و گوندەکانی عەفرین گروپەکانی سەر بە تورکیا، تاوان لەدژی خەڵکی رەسەنی عەفرین ئەنجامدەدەن. خەڵک دەستگیردەکرێن، دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، تورکیا سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە عەفرین جێبەجێدەکات، ناوی کۆڵان، گۆڕەپانەکان و خوێندنگاکان دەگۆڕێت و فێربوونی زمانی تورکی بەسەر هاوڵاتیاندا دەسەپێنێت”.
تورکیا دەستی بە 38 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە عەفرین و دەوروبەری کردووە و هەوڵدەدات، دیمۆگرافیای عەفرین بە گشتی بگۆڕێت
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە عەفرین تاوانی قورس لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدرێت “بێدەنگی بەرامبەر ئەو تاوانانە شەرمەزارییە”.
هەدەپە، کە سێیەم گەورەترین پارتە لە تورکیا، دەڵێت، “عەفرین تاوەکو ساڵی 2018 پارێزراوترین و ئارامترین ناوچەی سوریا بوو، بەڵام لە دوای داگیرکردنیەوە بۆ مەدەنییەکان بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکان”.
“دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە گۆڕانکاریی دیموگرافی و ئەتنیکی لە عەفرین ئەنجامداوە، بەسەدان هەزار کوردی لە ماڵ و حاڵیان هەڵکەندووە و ناچاری کردوون لە کەمپەکاندا بژین؛ ئەو ناوچەیەی کردووەتە هێلانەی ئەو رێکخراوانەی کە لە هەموو جۆرە تاوانێکدا بەشدارن. ئەو رێکخراوانەی لە لایەن تورکیاوە بەخێودەکرێن، ئامانجیانە تەواوی ماڵ و موڵکی خەڵک و زەیتونەکانیان دەستبەسەردا بگرن و تاڵانی بکەن.”
بەگوێرەی ئەنجومەنی ئازادیی پارێزگای حەلەب، کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، لە 800 هەزار دانیشتوانی رەسەنی عەفرین، تەنها 132 هەزار کەس ماونەتەوە. باسلەوەشدەکرێت لە ئیستادا 700 هەزار خانەوادەی تورکمان و عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سوریا، لە عەفرین جێگیرکراون.
زۆرینەی ئاوارەکانی عەفرین، روویان لە ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەلاتی سوریا و حکومەتی سوریا کردووە. بەشێکیان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا کۆچیان کردووە و نزیکەی 100 هەزار کەسیان لە پێنج کەمپ، گوند و شاروچکەکانی کانتۆنی شەهبا نیشتەجێبوون.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە رۆژئاڤای کوردستان، تورکیا دەستی بە 38 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە عەفرین و دەوروبەری کردووە و هەوڵدەدات، دیمۆگرافیای عەفرین بە گشتی بگۆڕێت.