زووم، ئاژانسەکان:
سێ وڵاتی دیکە مافی دەنگدانیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لێ سەندرایەوە، بەهۆی ئەوەی دواکەوتوون لە پێدانی پارە بە رێکخراوەکە.
ئەتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمڕۆ هەینی (20ی کانوونی دووەمی 2022) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە هەریەک لە لوبنان، ڤەنزوێلا و باشووری سودان چیدیکە مافی دەنگدانیان نییە لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەگوێرەی یاسای 19ی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەر وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی دوابکەوێت، مافی دەنگدانی نامێنێت.
لە کۆی 193 ئەندام ئێستا شەش وڵات بەو هۆیەوە مافی دەنگدانیان لەدەستداوە: لوبنان، ڤەنزوێلا، باشووری سودان، دۆمینیکا، گینیای ئیستیوایی و گابۆن.
بۆ گەڕانەوەی مافی دەنگدان، هەریەک لە وڵاتانە پێویستە ئەو پارانە بدەن کە لەسەریان کەڵەکە بووە، بۆ نموونە لوبنان بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی بۆ بگەڕێتەوە پێویستە یەک ملیۆن و 835 هەزار دۆلار بداتە نەتەوەیەکگرتووەکان.