زووم:
“ئەگەر عێراق مۆڵەتی کارکردن بداتە بانکی نیشتمان، نرخی دۆلار دادەبەزێت”، ئەمە مەولود سابیر گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمە.
مەولود سابیر بۆ میدیای فەرمی حکومەتی هەرێمی روونکردووەتەوە، “ئەگەر ئەندام بین لە بانکی ناوەندی و بانکی نیشتمان مۆڵەتی کارکردنی هەبێت، ئەوکات بانکی ناوەندی رۆژانە رێژەیەک لە دۆلارمان بۆ دەنێرێت.. هەرکاتێکیش ئەو رێژە دۆلارە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو، دۆلار دادەبەزێت”.
بانکی نیشتمان، بانکێکی حکومییە لە هەرێمی کوردستان بە یاسای بانکی ناوەندیی عێراق دادەمەزرێت. حکومەتی هەرێم دەڵێت، رێکارەکانی دامەزراندنی بانکەکە بە سەرمایەی 250 ملیار دینار کۆتاییهاتووە و 25 ملیار دیناریش بە کاش لە بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر دانراوە “بۆ کارکردن تەنها مۆڵەتی عێراقی ماوە”.
زیاتر لە مانگێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی بەرچاو لە دابەزیندایە، لە ماوەیەکی پێوانەییدا نرخی 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە 160 هەزار دینار.
ئەگەرچی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و وەزیری داراییش زیاد لە جارێک رایانگەیاندووە، کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە، بەڵام هێشتا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە سەروو 160 هەزار دینارەوەیە.