زووم:
ئەندامێکی شاندەکەی ئەمریکا کە بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە دەکات و پوختەیەکی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغداد و هەولێر دەخاتەڕوو.
ئامۆس هۆکستین، کە هەماهەنگیکاری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی کردووە، کە ئێستا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرایە.
مەسرور بارزانی، دەڵێت، هۆکستین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کورتەیەکی بۆ خستینەڕوو لەبارەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەغداد “هاوڕابووین لەسەر گرنگیی نەهێشتنی ئاستەنگەکان لەبەردەم پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە”.
مەسرور بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەت هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە هۆکستینی گوتووە، “تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کەرتی وزە”.
ئامۆس هۆکستین یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکەی ئەمریکا کە دوو رۆژ لەمەوبەر بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک سەردانی بەغداد و هەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتییش کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەی شاندەکەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی، زووم لە سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەکانەوە بڵاویکردەوە، لەبەر ئەوەی مەسرور بارزانی لە کوردستان نییە، برێت مەکگۆرک بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە دەکات. پاش دوو رۆژیش لە سەردانەکە، ئەندامێکی تیمەکەی مەکگۆرک پەیوەندیی بە مەسرور بارزانییەوە کرد.