78
لە شاری مێردینی باکوری کوردستان تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی ژمارە دهۆک کرا و بەهۆیەوە، بەگوێرەى میدیاى فەرمى حکومەتى تورکیا سێ هاوڵاتى کوژران و دوانى دیکە برینداربوون.
هێرشەکە کاتژمێر 1:00ى شەو بووە، لەسەر رێگەی نێوان ناوچەی ئارتوکلو و نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان.
بەگوێرەى ئاژانسی ئەنادۆڵو تاوەکو ئێستا نازانرێت هێرشبەرەکە کێیە و ژمارەیەکان چەند بووە. هێشتا ناسنامەی کوژراو و بریندارەکانیش لەلایەن تورکیاوە ئاشکرا نەکراوە. بەڵام بەگوێرەى هەندێک میدیاى هەرێمى کوردستان هاوڵاتییەکان دانیشتوى شارى دهۆکن.
هێزە ئەمنیەکانی تورکیا، دەستیان بە لێکۆڵیەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.