گەنجێکی دیکەی شاری ئامەدی باکورى کوردستان کە بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
محەمەد ئاکار شەوی 16ی کانونی دووەم، لە ناوچەی سووری ئامەد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە دوای رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری رێژەى سوتاوییەکەى گیانی لەدەستدا.
محەمەد ئاکار دوای گیانلەدەستدانی، نامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووە کە ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە بیر لە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان بکرێتەوە.
محەمەد ئاکار دوای گیانلەدەستدانی، نامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبووە
محەمەد ئاکار لە نامەکەیدا دەڵێت، هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجەلانەوە نییە، بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک هەبێت، رێگە بە خانەوادەکە و پارێزەرانی ئۆجەلان نادرێت چاویان پێبکەوێت و گوتی “من لە دژی ئەو گۆشەگیرییە توندە، کاتژمێر 09.21 خولەک، لە سووری ئامەد ئاگر لە جەستەی خۆم بەردەدەم، با بڵێسەی ئاگری جەستەم ئیمراڵی رووناک بکاتەوە، هیوادارم ئەم چالاکییەم ببێتە هۆکاری ئازادبوونی ئۆجەلان.”
جگە لەوەش رۆژی پێنج شەممە 12ی کانونی دووەمیش لەناوچەی پیشەسازی ئارتوکلوی شاری مێردینی باکوری کوردستان، لایەنگرێکی پەکەکە بە ناوی وەیسی تەمەن 65 ساڵ کە پێشتر زیندانی سیاسی بوو، لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەستدا.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆسووتاندنی ئەو دوو لایەنگرەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکدا کە یادی ئەو دوو کەسە دەکەنەوە و بە “شەهید”ـی خۆیانی دەزانن، بەڵام نابێت چیدیکە چالاکی خۆسووتاندن ئەنجام بدرێت.
کەجەکە:
نابێت چیدیکە چالاکی خۆسووتاندن ئەنجام بدرێت
لە راگەیەندراوەکەی کەجەکە هاتووە، ئۆجەلان بە روونی رایگەیاندووە، کە ئەو بەها بەو ئیرادەیە دەدات و بەرز هەڵیدەسەنگێنێت، بەڵام ئەو کارانە پەسەند ناکات و پێویستە لەبرى ئەوە، چالاکیی داهێنەرانە و جیاوازتر ئەنجام بدرێت. پێویستە گەل و گەنجان ئەمە وەک رێنمایی ئۆجەلان ببینن و چیدیکە خۆیان نەسووتێنن.
دوایین جار، لە 27ی نیسانی 2020دا، محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان رێگەی تەلەفونەوە قسەیان کرد و پەیوەندیەکە نزیکەی پێنج خولەک بەردەوام بوو. نزیکەی دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئۆجەلان نییە، کە ماوەی 24 ساڵە لە زیندانی ئاسایشی باڵای دوورگەی ئیمرالی زیندانیکراوە.
پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی ئاسرین کە ئەرکی پارێزەری ئۆجەلانیان لە ئەستۆدایە، دوێنێ سەردانی کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی)یان کرد. لە سەردانەکەدا، داوا لە سی پی تی کراوە، کە راپۆرتی خۆی لەبارەی سەردانەکەی 20 – 29 ئەیلولی ساڵی رابردوو بۆ ئیمڕالی، بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.
لەم دوو ساڵەی دواییدا، سزای دیسیپلین سێ مانگ، سێ مانگ نوێ دەکرێتەوە و رێگە نادرێت، ئۆجەلان خانەوادە و پارێزەرانی ببینێت و پەیوەندی تەلەفونی لەنێونیاندا ئەنجام بدرێت.
رێگە نادرێت، ئۆجەلان خانەوادە و پارێزەرانی ببینێت و پەیوەندی تەلەفونی لەنێونیاندا ئەنجام بدرێت
یەکەمجار سزای دیسیپلین لە 4ی کانونی یەکەمی 2005دا بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندرا. لەنێوان ساڵەکانی 2005 بۆ 2010دا ساڵ 15 جار، لەنێوان ساڵی 2018 بۆ 2022دا 28 جار سزای دیسیپلین بەسەر ئۆجالاندا سەپێندراوە.
هەروەها 27ی تەمووزی 2011 تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 218 جار داواکاری سەردانی پارێزەران بۆ ئیمڕالی رەتکراونەتەوە و لە ساڵی 2019ەوە تاوەکو ئێستا بە تەنیا پێنج جار پارێزەران چاوپێکەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە.
هەروەها لە ساڵی 2011ەوە تاوەکو ئێستا بە گشتی 249 جار سەردانی خانەوادەکان رەتکراونەتەوە، بە تەنها 28 جار خانەوادەکانکان توانیویانە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە کۆمەڵێگ پارێزەر پێکدێت و بەگوێرەی یاسا بەرگری لە ئۆجەلان دەکەن، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی “کۆمیتەی بەرەنگاربوونی ئەشکەنجە (سی پی تی) کە سەر بە کۆنسەی ئەوروپایە، رایگەیاندبوو کە لە سەردانەکەی 20 – 29 ئەیلولی هەمان ساڵدا، لە دوورگەی ئیمڕالی چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریەکانمان، راگەیەندراوەکەی (سی پی تی) دوورە لە راستیدا و ئۆجەلان چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندەکەی (سی پی تی) رەتکردووە.
دوابەدوای راگەیەندراوەکەی نوسینگەی یاسایی سەدە، پەکەکە، رێکخستنەکانی نزیک لەو حەزبە و لایەنگرانی، دەستیان بە خۆپیشاندانی فراوان لە تورکیا و ئەوروپا کرد و داوا دەکەن بە زوترین کات زانیاری لەسەر تەندروستی و ئاسایشی ئۆجەلان بڵاوبکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، 20 رۆژە، کەمال بولبول، عومەر ئۆجەلان، زەینەل ئوزەن، فەلەکناس ئوجا، گوڵستان کلچ کۆچیغید، زولەیخا گولوم، کەمال پەکۆز، حسێن کاچماز و ریدوان توران پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی دیموکرات (هەدەپە)، لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دادی تورکیا، دەستیان بە چالاکی ئیشکگری دادپەروەری کردووە و داوا دەکەن، رێگە بە پارێزەران بدرێت، سەردانی ئیمڕالی بکەن و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.
عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە، دوای رێککەوتنی ئەدەنەی نێوان تورکیا و سوریا، لە ساڵی 1998دا ناچار بوو کە سوریا بەجێ بهێڵێت و رووی لە وڵاتانی ئەوروپا و روسیا کرد. دوای چەند مانگێک، هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو، مافی پەنابەری سیاسی بداتە ئۆجەلان و دواجار لە نەیروبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا، کە هەوڵی دەدا بگاتە ئەفریقای باشور و بەو شێوەیە رادەستی تورکیا کرایەوە و تاوەکو ئێستا لە زیندانی دورگەی ئیمڕالیدایە کە سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە.