زووم، ئاژانسەکان:
زۆرێک لە پارێزگاکانی ئەفغانستان لەنێو زستانێکی ساردی بێوەیەدان، پلەکانی گەرما لە کابولى پایتەخت 21 پلە لەژێر سفرى سەدیە. تاوەکو ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە گەرمترین کاتدا، پلەکانی گەرما لە پارێزگای باغلان لە نیوەڕۆى رۆژی هەینی 11 پلە لەژێر سفرەوە بوو.
لە دۆخێکی خراپدا دەژین
شا ئیبراهیم شاهین هاوڵاتییەکی تەمەن 54 ساڵی نیشتەجێى ئەو پارێزگەیەیە، خێزانەکەى 14 کەسن، لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
ئەو، بە کەناڵی جەزیرەی گوتووە، لەم دۆخە سەختەدا خەریکە ئەو خەڵوزەش کە تەنها سەرچاوەی دابینکردنی گەرمییە بۆ منداڵەکانمان کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئێمە یەک هیتەری خەڵوزی کۆنمان هەیە. لە سەرەتای زستاندا هەندێک خەڵوزمان کڕی، بەڵام لەم کەشوهەوای ساردەدا خەریکە کۆتایی دێت و توانای کڕینەوەمان نییە.”
دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە دوای 18 مانگ لە گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات هێشتا نەیانتوانیوە روبەڕوی هەژاری فراوانی وڵاتەکەیان ببنەوە و حکومەتەکەیان هێشتا لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخراوە. ئەمەش وڵاتەکەی روبەڕوی قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووەتەوە.
The determination and will of government authorities to help our fellow Afghans can be seen in this video. There is no other good deed in Afghanistan than helping the people of Afghanistan. pic.twitter.com/q2qr6Oa4Ne
— Muhammad Jalal (@MJalalAf) January 13, 2023
بەهۆی ئەوەی شارۆچکەی شاهین دەکەوێتە دامێنی شاخە سەختەکانى هیندۆس کوش، شارۆچکەکەیان ئەمساڵ بەفرێکى زۆرى لێ باریوە.
شاهین دەڵێت: “دڵخۆشین بەوەی کە بەفر دەبارێت، دیاری خودایە و سوودی دەبێت بۆ سەرچاوەى ئاو و هەروەها جوتیاران، بەڵام زۆر نیگەرانین لەوەی چۆن خۆمان گەرم بکەینەوە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما.”. بە نائومێدییەکیشەوە گوتی: “بەزەحمەت توانای کڕینی خواردنمان هەیە.”
خەڵکى تواناى کڕینى سوتەمەنییان نییە
دۆخەکە لە پارێزگای سامانگانەوە بەهەمان شێوەیە. خەڵکی ئەوێ سەرەڕای نەبوونی و بێتواناییان بۆ کڕینی سوتەمەنی، روبەڕوی برسێتیش بوونەتەوە.
مەریەمی تەمەن 25 ساڵ و دایکی دوو منداڵ، کە هاوسەرەکەی لە وڵاتێکی دراوسێدا کار دەکات، دەڵێت: “ئەگەر خەڵوز و دار بکڕین، ئەوا ناتوانین خۆراک بکڕین. ئەو پارەیەی هاوسەرەکەم بۆمان دەنێرێت تەنانەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش بەشمان ناکات.”
ئەو دەڵێت هاوسەرەکەی بەهۆی ئەوەی پێشتر لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کاریکردووە، لەدەستی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان رایکردووە و ئێستا لە دەرەوە کار دەکات بۆ ئەوەی شتێک پارەمان بۆ بنێرێت و لەگەڵ هاوکاریی دیکەی خەڵکیدا پێی بژین.”
مەریەم دەشڵێت، زستانی ئەمساڵ هێندە سەختە لەژیانیدا هاوشێوەی ئەم سەرمایەی نەبینیوە و نازانێت ئایە بەبێ خۆراک و گەرمیی دەتوانن بەرگەی مانەوە بگرن یان نا.
بەگوێرەى راپۆرتە میدیاییەکان، تاڵیبان دوای بارینی بەفرێکی زۆر لەو وڵاتەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی مەدەنییان رزگارکردووە کە لە شوێنە دوورەکان گیریان خواردووە.
بەگوێرەى دوایین ئامارەکانی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA)، سەرماکەی ئەفغانستان کاریگەریی لەسەر 28 ملیۆن کەس دروستکردووە.
سەرما تاوەکو سەرەتاى مانگى داهاتوو بەردەوام دەبێت
نەجیبوڵا سەدید، پسپۆڕی کەشوهەوای ئەفغانستان و توێژەر لە زانکۆی شتوتگارت دەڵیت “زانایانی کەشوهەوا هۆکاری ناتەواوییەکانی کەشوهەوای ئەم دواییەیان بۆ تێکچوونی گێژەڵوکەی جەمسەرییەکان گەڕاندووەتەوە کە بای سارد و بەهێزی جەمسەری باکوری زۆر دوور بۆ ئەو ناوچانە دەهێنێت.”
گوتیشی، مەزەندەیان کردووە شەپۆلی سەرماکە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە یان هەفتەی یەکەمی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی مامناوەند.
جیاواز لە ساڵانی رابردوو هاوڵاتییە هەژارەکانی ئەفغانستان روبەڕوی قەیرانێکی قورس بوونەتەوە، ئەویش راگرتنی هاوکاری ریکخراوە خێرخوازییەکانی جیهان بۆ ئەو وڵاتە، کە لەگەڵ هاتنی تاڵیباندا هاوکارییەکانیان راگرت.
یەکێک لە هۆکارەکانی راگرتنی هاوکارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەی کارکردنی ژنان لە رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەفغانستان. ئەمە وایکردووە زۆرێک لە رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان کە لەو وڵاتەدا کاردەکەن، خزمەتگوزارییەکانیان رابگرن.
The snow began to fall again and heal the land. #Panjshir #Afghanistan #snow pic.twitter.com/NIgyXxSoRe
— Panjshir_Province (@PanjshirProvin1) November 25, 2020
کریستیان جێپسن، راوێژکاری پەیوەندییە ناوچەییەکان لە ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج (NRC) ئاماژەی بەوەکردووە: “بەو پێیەی بەهۆی قەدەغەکردنی ستافی ژنانی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە ناچاربووین هەموو ئۆپراسیۆنەکانمان رابگرین، ئێستا ناتوانین هاوکاری هیچ کەسێک بکەین.
بۆ زۆرێک لە ئەفغانییەکان ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش دەکران، مانای ژیان بوون، بەڵام ئێستا لە خراپترین ساتەکانیاندا راگیراون.