مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیرى دەوەرەوەى تورکیا، لەبارەى دۆخى سلێمانییەوە قسەى کرد و دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانى گەشەى کردووە و دەبێت لەگەڵ ئێران روبەڕوى ببنەوە.
مەولود چاوشئۆغلۆ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، هاوتا ئیرانیەکەی، باسی چەند پرسێکى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان و رۆژئاڤاى کوردستانى کرد.
“پەکەکە لە سلێمانی هەڕەشە لە ئێمە و ئێران دەکات”
مەولود چاوشئۆغلۆ رایگەیاند “پێویست ناكات به ئاراستهكردنى چهند وڵاتێک، لهبارهى عێراقهوه ههنگاو بنێین. ئەگەر کێشەیەک لە عێراق هەبێت ئەوە کێشەی ئێمەیە. کێشەی ئێران و سوریا کێشەی ئێمەیە. سوکایەتییە بە ئێمە کاتێک وڵاتێک لە رۆژئاوا و لێرە و لەوێوە دێن و دەیانەوێت فەرمان دەرکەن و کۆمان بکەنەوە.
دەڵێت “چۆن بۆ ئێمە بێمانایە” کە بچین و هەوڵی بەیەکگەیشتنی دوو وڵاتی رۆژئاوا بدەین، بۆ ئەوانیش راست نییە بێن و هەوڵ بدەن لەبارەى عێراق کۆمان بکەنەوە یان بەکارهێنانی دەستەواژەی “کۆیانمان کردەوە” بە راست نابینین. لە راستیدا ئێمە وەکو تورکیا ئەوە قبوڵ ناکەین.”
چاوشئۆغڵو، باسی هەرێمی کوردستانى کردووە، کە ئەو بە “باکوری عێراق” ناوی هێناوە و دەڵێت، پەکەکە بەشێوەیەکی فراوان بوونی هەیە و ئەم دۆخە بۆ ئێرانیش هەڕەشەیەکی جددیە “جگە لە شەنگال، لە دەڤەری سلێمانیش پەکەکە خۆی فراوان کردووە و ئەمەش هەڕەشەیەکی جددیە بۆسەر تورکیا و ئێران و دەبێت روبەڕوی ببینەوە.”
“یەپەگە لە رۆژئاوای فورات دەکەینە ئامانج”
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لە ماوەی 11 ساڵی قەیرانی سوریا یەپەگە کە وەک “تیرۆریست” ناوی هێناوە لە باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا پێگەی خۆی بەهێز کردووە و گوتی: “ئامانجی یەپەگە و پەکەکە لە سوریا دیارە. بە پاڵپشتیی هەندێک وڵات ئامانجی دابەشکردنی سوریایان هەیە، واتا دامەزراندنی دەوڵەتە، بەڵام تورکیا لەرێگەی ئۆپراسیۆنەوە لە دژی داعش و دواتر لە دژی پەکەکە رێگری لەم پلانانە کرت.
مەولود چاوشئۆغلۆ گوتى “سەرەڕای پاککردنەوەی هەندێک ناوچە، بەڵام بوونی پەکەکە لە رۆژئاوای فورات و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام لە زیادبووندایە. ئێمە ئەمانە دەکەینە ئامانج”.
“بژاردەکە لای سویدە”
چاوشئۆغلو باسی لە خۆپیشاندەکەی لایەنگرای پەکەکە لە 11ی ئەم مانگەدا لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید کرد، کە تێیدا بوکەڵەیەک لە شێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرابوو و گوتی: “ئێستا ئەم کارە لەلایەن کێوە دەکرێت؟ سوید باسی ئازادی رادەربڕین دەکات. ئەمە پەلاماردانە، ئایا ئەمە پەلامارێکی نەژادپەرستی نییە؟ بەڵێ.
ئایا نەژادپەرستی لەخۆ دەگرێت؟ بەڵێ. باشە با وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە نەژادپەرستی لە سوید تاوانە یان نا، با وەڵامی ئەمە بدەنەوە. ئایا تاوانی رق لەخۆدەگرێت؟ بەڵێ لەخۆدەگرێت. باشە ئەنجامدانی تاوانی رق لە سوید ئازادە یان نا؟ با وەڵامی ئەمە بدەنەوە”.
لە کۆتاییدا مەولود چاوشئۆغلۆ گوتى، ئهگهر سوید بیر لهوه دهكاتهوه كه سهرقاڵیان دهكات، پێویستە بزانێت کە خۆى ههڵدهخهڵهتێنێت. یان سوید دەبێتە قوربانی یان بهلهبهرچاوگرتنى ئاسایشى ههموومان رێککەوتنامەکە جێبهجێ دهكهن و بەرەوپێش دەڕۆین. بژاردەکە لای سویدە”.