زووم ،ئاژانسەکان:
رۆژی سێشەممە بەتەمەنترین کەسی ناسراوی جیهان، راهیبی فەرەنسی لوسیل راندۆن، لە تەمەنی 118 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
راندۆن کە بە “خوشکە ئەندرێ” ناسراوە، لە 11ی شوباتی 1904 لە باشوری فەرەنسا لەدایکبووە، ئەو کاتەی جەنگی جیهانی یەکەم هێشتا 10 ساڵی مابوو دەستپێبکات.
دەیڤید تاڤێلا، گوتەبێژی خانەی بەساڵاچووانی شاری تۆلۆن رایگەیاند، راندۆن لە خەودا لە خانەکەدا کۆچی دوایکردووە.
راندۆن لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو وەک بەتەمەنترین کەسی سەر زەوی ناسرابوو، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو کەین تاناکای ژاپۆنی لە تەمەنی 119 ساڵیدا وەک بەتەمەنترین کەسی سەر زەوی کۆچی دوایکرد، راندۆن ناوى لە کتێبی گینسدا وەک بەتەمەنترین کەس تۆمارکرا بوو.
راندۆن لەو ساڵەدا لەدایکبووە کە نیویۆرک یەکەم میترۆی خۆی کردەوە
راندۆن لەو ساڵەدا لەدایکبووە کە نیویۆرک یەکەم میترۆی خۆی کردەوە و کاتێک پێشبڕکێی بەناوبانگی پاسکیلسواری تۆر دی فەرەنسا تەنها جارێک بەڕێوەچووبوو.
راندۆن وەک تاکە کچ لە نێوان سێ برادا لە خێزانێکی پرۆتستانتدا گەورە بووە، کە ئەوکات لە شارۆچکەی ئەلێس لە باشوری وڵات دەژیان.
پێشتر لە یادی 116 ساڵەی لەدایکبوونیدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، کە یەکێک لە یادگارییە خۆشەکانی ژیانی گەڕانەوەی دوو براکەی بوو لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕانەوەی دووبراکەی شتێکی “دەگمەن بوو چونکە ئەوکات خێزانەکان بەزۆری هەواڵیان بۆ دەهات کە دوو برا گیانیان لەدەستداوە، نەک بڵێن کە هەردووکیان لە ژیاندا ماون و گەڕاونەتەوە.”
ئەو وەک مامۆستایەکی تایبەتی منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان لە پاریس کاری دەکرد، قۆناغێک کە بە خۆشترین کات لە ژیانیدا ناوی دەبرد.
“خوشکە ئەندرێ” لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ڤیچی دامەزرا و بۆ ماوەی 31 ساڵ لەوێ کاری کرد
لە تەمەنی 26 ساڵیدا لە کلێسایەکی کاسۆلیکیدا پابەەندبوونى بە پەیڕوى ئایینی دەستپێکرد.
لە تەمەنی تاڕادەیەک درەنگدا، لە 41 ساڵیدا پەیوەندی بە رێکخراوی کچانی خێرخوازی راهیبەکانەوە کرد.
پاشان “خوشکە ئەندرێ” لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ڤیچی دامەزرا و بۆ ماوەی 31 ساڵ لەوێ کاری کرد.
لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا رووی لە تۆلۆن کرد.
بەهۆی زۆری تەمەنەوە لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا مایەوە
بەهۆی زۆری تەمەنەوە لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا مایەوە و لەلایەن کرێکارانی ئەو خانەیەوە خزمەتدەکرا.
لە ساڵی 2021دا لەگەڵ 81 بەساڵاچووی دیکە تووشی کۆرۆنا بوو، بەڵام لە نەخۆشییەکە چاکبووەوە.
ئەو خانمە لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو”خەڵک دەڵێن کار دەتکوژێت، کارکردن منی بە زیندووی هێشتەوە، تاوەکو تەمەنی 108 ساڵ بەردەوام بووم لە کارکردن.”
لەبارەی نهێنی تەمەن درێژییەکەی، راهیبەکە داواکارییەکانی بۆ وەرگرتنی نمونەی دی ئێن ئەی رەتکردبووەوە و رایگەیاندبوو “تەنها پەروەردگار” نهێنی تەمەن درێژییەکەی دەزانێت.
جین کالمنت، کە لە ساڵی 1997 لە شاری ئارلێسی باشوری فەرەنسا لە تەمەنی 122 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی بە تەمەنترین تەمەنی پشتڕاستکراوەیە کە مرۆڤ پێی گەیشتووە.