- ئەلمۆنیتۆر
- وەرگێڕانى: سەرکەوت محەمەد، زووم
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕى ئەلمۆنیتۆر، مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، پێشبینی دەکات تورکیا لە مانگی شوباتدا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ، دەشڵێت “نابێت ئەنقەرە بەهۆی شکستی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیدا سزای کوردی سوریا بدات”.
ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەی ئەلمۆنیتۆرە لەگەڵ مەزڵوم عەبدى کە 15ى کانوونى دووەمى 2023 ئەنجامدراوە:
ئەلمۆنیتۆر: تورکیا هەڕەشەکانی لە دژی ئێوە دەستپێکردووەتەوە و دەڵێت دەکرێت لە هەرکاتێکدا هێرش بکات، ئایا ئەم هەڕەشانە بە جددی وەردەگرن؟ چونکە لە مانگی تشرینی دووەمدا گوێمان لە قسەی هاوشێوە بوو، بەڵام ئەو کاتە هیچ رووینەدا.
مەزڵوم عەبدى: ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین، پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرش بکاتە سەر شارۆچکەی کۆبانی بەهۆی ئەوەی لە سەرانسەری جیهان مانایەکی رەمزیی بۆ کورد هەیە، تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین کە ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی نەتەوەپەرستەکان کۆبکاتەوە و پێدەچێت پێیوابێت جارێکی دیکە بە هێرشکردنە سەر رۆژئاڤا بتوانێت خزمەت بەم مەبەستەی بکات.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام ئەوە پەیوەندی تەنها بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە، وایە؟ دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا هەمیشە بانگەشەیان بۆ چارەسەری سەربازیی کردووە بۆ هەڕەشەکانی کورد، هەروەها ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاڤا و هێزەکانی هەسەدە وەکو بەشێک لەو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دەبینن و دەڵێن ئێوە وەک پەکەکە وان.
مەزڵوم عەبدى: رێگەم بدەن چەند خاڵێکی گرنگ روون بکەمەوە: تورکیا لە رابردوودا هەر ئەم بیانووانەی بەکارهێنا بۆئەوەی هێرشەکانی لە دژی ئێمە دەستپێبکات، بەڵام ئێمە هیچ جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر تورکیا و گەلەکەی و سنوورەکانی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست ناکەین، من چەندین جار لە چاوپێکەوتنەکانی پێشووم لەگەڵ ئێوەدا رامگەیاندووە کە ئێمەی کوردی سوریا، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، ئێمە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریاوە هیچ کاتێک لە ناوخۆی سنوورەکانمانەوە هێرشمان نەکردووەتە سەر تورکیا و تەنها لە کاتی هێرشی تورکیادا و هەمیشە لە سنوورەکانی سوریادا لە بەرگرییکردنێکی رەوادا مامەڵەمان کردووە، ئێمە هیچ نیازێکی دوژمنکارانەمان بەرامبەر تورکیا نییە، چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا.
ئەلمۆنیتۆر: لە سەرەتادا هەماهەنگییەکی راستەقینە لە نێوان تورکیا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دا هەبوو، لە شەڕی دژى دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا بریندارەکانی شەڕڤانانی یەپەگە لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتی تورکیا چارەسەردەکران و هاوکارەکانتان ساڵح موسلیم و ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، ئەمە بۆچی گۆڕا؟
مەزڵوم عەبدى: بەڵێ لە گۆڕەپانی سەربازیی و دیپلۆماسیدا کۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ تورکیادا هەبوو، بەڵام کاتێک تورکیا بڕیاریدا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کۆتایی پێبهێنێت و لە ساڵی 2015دا ململانێی دژی پەکەکە دەستپێبکاتەوە، دوژمنایەتی بەرامبەر ئێمە زیادکرد و لە ساڵی 2019ەوە دەستیکرد بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لە جەرابلوس، پاشان لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، “ئێمە پەکەکە نین، هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیمان لەگەڵ پەکەکەدا نییە و ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە”.
ئەلمۆنیتۆر: بەڵام زۆرێکتان لە سەردەمێکدا لەناو پەکەکەدا چالاک بوون، کەسایەتییە باڵاکانی پەکەکەش لە رۆژئاڤا بوونیان هەیە.
مەزڵوم عەبدى: نزیکەی 12 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەڕینی سوریادا تێپەڕیوە، ئێمە ماوەیەکە لە رۆژئاڤا لە هەوڵی بنیاتنانی سیستەمێکی حوکمڕانی فرەیی و دیموکراتین، بەشێوەیەک کە دەسەڵات لەگەڵ عەرەب، مەسیحی، گروپە نەتەوەیی و دانپێدانراوە جیاوازەکان، بە ئامانجی دامەزراندنی مۆدێلێک بۆ باقی وڵاتەکەمان (سوریا) دابەشبکەین، من کوردێکی سوریام، داهاتووی من لێرە لەم وڵاتەیە، لەڕاستیدا پەکەکە یارمەتیدەر بوو لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئەمڕۆ پەکەکە هیچ رۆڵێکی لە ئیدارەی ئێمەدا نییە، ئێمە وەک تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، لقێکی پەکەکە نین، ئێمە جیایین، بەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرکردەی پەکەکە، بۆ ئێمە لە رۆژئاڤا و بۆ کورد لە شوێنەکانی دیکە، “رەمزە”، بەڵام ئێمە هیچ نەخشەسازیی و پلانمان بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان نییە، جا لە تورکیا بێت، لە عێراق یان لە ئێران، ئێمە لە خەمی سوریا و داهاتووی هەموو گەلانی سوریاداین، ئێمە نامانەوێت تێوەبگلێین، یان ببینە قوربانی شکستی تورکیا لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەنێوخۆى وڵاتەکەی خۆیدا، ئێمە پێشتر ئەوەندە ئازارمان چەشتووە، قبوڵ ناکەین بەردەوام بەمشێوەیە هێرش بکرێتە سەرمان، وەکو دەزانن تورکیا هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی مەدەنی، وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکان و زیانێکی بەرچاوی پێگەیاندوون، ئەمە دەستپێکێکی نوێیە بە ئامانجی لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەریمان لە رۆژئاڤا، تورکیا، بەهۆی ئەوەی بە رێگەی دیموکراسی ئاشتیانە کێشەی خۆی لەگەڵ کوردی وڵاتەکەیدا چارەسەر نەکردووە، دەبێت واز لە سزادانی گەلەکەمان و کوردانی دیکە بێنێت کە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەژین.
ئەلمۆنیتۆر: ئایا ئەمریکا بەشداریی لە هیچ هەوڵێکی نێوەندگیرییدا بەناوی ئێوە لەگەڵ تورکیادا کردووە؟
مەزڵوم عەبدى: ئیدارەی ئەمریکا بە روونی هەڵوێستی خۆی نیشان دا کە دژی هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی تورکیایە لە سوریا، بەڵام تورکیا وەکو دەبینیت بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لە دژی ئێمە، لە بەرامبەردا ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەوڵەکانی ئەمریکا کورتیانهێنا، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بدەن.
ئەلمۆنیتۆر: ئایا پشتئەستوورن بە بەڵێنەکەی ئەمریکا بۆ مانەوە لە رۆژئاڤا، لانیکەم تا ماوەی ئیدارەی بایدن تەواو دەبێت؟
مەزڵوم عەبدى: بەڵێ، با بڵێین کە ئێمە پێمان خۆشە و متمانەمان بەخۆمان هەیە، بەڵام با ئەوە روون بکەمەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر ئێمە بە هەموو هێزمانەوە شەڕ دەکەین، ئێمە بڕیارمان داوە تا کۆتایی بەرەنگاری “تورکیا” ببینەوە، ئەمە وەکو جارەکانی دى نابێت، وەکو عەفرین یان سەرێکانی، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئۆپراسیۆنەکانمان دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دەوەستێنێت.
ئەلمۆنیتەر: ئایا هیچ جۆرە وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ هەوڵەکانی واشنتن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هەبووە؟
مەزڵوم عەبدى: پێویستە ئەو پرسیارە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەیت.
ئەلمۆنیتۆر: تورکیا تۆمەتی تەقینەوەکەی مانگی تشرینی دووەمی ئەستەنبوڵی خستە ئەستۆی ئێوە و ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانتان سەربازێکی تورکیایان لەناو خاکی سوریادا کوشتووە.
مەزڵوم عەبدى: ئێمە ئەو هەواڵەمان لە میدیاکانەوە بیست، ئاگادارین کە هەندێک پێکدادان لە بەری رۆژئاوای ناوچەی ئەلباب روویدا کە هێزەکانمان لەوێدا بوونیان نییە، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشێکدا روویدا کە لەلایەن بنکەیەکی تورکیاوە دەستیپێکرد و لە وەڵامی هێرشەکەدا ئەو سەربازە کوژرا.
ئەلمۆنیتۆر: لەم دواییانەدا گوێبیستی ئەوە بووین کە ئەنقەرە نەک تەنها داوای ئەوە دەکات کە ئەمریکا کۆتایی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێوەدا بهێنێت، بەڵکو دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی سوریا بەجێبهێڵن، ئەوەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ناوچەکەدا.
مەزڵوم عەبدى: بە دڵنیاییەوە، راستە کە هاوتەریب لەگەڵ هەنگاوەکانی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد، تورکیا ماوەیەکە دەڵێت ئەمریکا پێویستە هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، تورکیا بە نێوەندگیریی روسیا، لە هەوڵدایە بۆ زیندووکردنەوەی هاوپەیمانێتییەک لە دژی ئێمە و دەیەوێت “رێککەوتنى ئەدەنە” کارابکاتەوە و فراوانیان بکات.
ئەلمۆنیتۆر: ئایا ئەم هەوڵانە بە جددی وەردەگرن یان تەنها سیناریۆیەکی دیکەی هەڵبژاردنە لەلایەن ئەردۆغانەوە؟ یان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیاوە ئاراستە دەکرێن؟
مەزڵوم عەبدى: من دەڵێم هەردووکیانە، بەڵام ئەمەشی بۆ زیاد دەکەم: کێشەی کورد بە رێگای سەربازیی چارەسەر ناکرێت، مێژوو ئەمەی سەلماندووە، پرسی کورد- چ لە سوریا بێت، تورکیا بێت یان لە شوێنێکی دیکە تەنها بە گفتوگۆی ئاشتیانە و دڵسۆزانە چارەسەر دەکرێت، کاتێک تورکیا دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە ئەنجام دەدا، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئێمە لێرە لە رۆژئاڤا هەبوو و ئێستا کە دانوستانەکانی ئاشتی لە رەفەکاندا کەوتوون، ئێمە پێچەوانەکەی ئەزموون دەکەین.
ئەلمۆنیتۆر: هەموومان دەزانین کە روسەکان رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە خاوکردنەوەی لەشکرکێشییەکەی تورکیا، بەڵام ئەوان بابەتەکە وەکو هەڕەشە بەکاردەهێنن بۆ فشارخستنە سەر ئێوە بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەکەتان لەگەڵ ئەمریکادا نەهێڵێت و گرێبەستێک لەگەڵ رژێمی سوریادا بکەن، لە هەمانکاتدا بە تورکیا دەڵێن تا ئاشتی لەگەڵ ئەسەددا نەکەن، سەرەتا ئێوە دەیکەن.
مەزڵوم عەبدى: روسیا هەوڵدەدات کێشەکانی ئێستا لە سوریا بە کۆکردنەوەی تورکیا و رژێمی سوریا لە دەوری یەک مێز چارەسەر بکات، بەڵام باوەڕم بەوە نییە کە ئەم جۆرە هەوڵانە سەرکەوتووبن، رژێمی سوریا هەرگیز سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو سەربازەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە و دەستبەرداربێت لە پشتیوانیکردنی لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە، بە هەمانشێوە باوەڕم بەوە نییە کە رژێمی سوریا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بێت بۆ لەباربردنی ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتى سوریا (رۆژئاڤا)، نە توانای ئەنجامدانی ئەم کارەی هەیە، نە بارودۆخەکان بۆ پلانێکی لەو جۆرە لەبارن.