زووم، ئاژانسەکان:
بەرپرسێکی باڵاى فینلەندا دەڵێت، سوید دەستی بەو 130 کەسە نەگەیشتووە کە رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆککۆمارى تورکیا داوای رادەستکردنەوەیان بە ئەنقەرە دەکات.
یوسی هالا ئاهۆ، سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فینلەندا بە رۆژنامەی هێلسنکی تایمزى راگەیاندووە “لەگەڵ بەرپرسانی سوید کۆبوونەوەتەوە و گوتوویانە دەستیان بەو 130 کەسە نەگەیشتووە کە ئەردۆغان داواى رادەستکردنەوەیان دەکات”.
سوید و فینلەندا لە مانگى ئایارى ساڵى رابردووەوە هەوڵەکانیان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوى ناتۆ دەستپێکردووە، بەڵام تورکیا کە خۆى ئەندامى رێکخراوەکەیە، ڤیتۆى لەسەر ئەندامبوونى هەردوو وڵات داناوە و لە بەرامبەر رازیبووندا، داواى رەستکردنەوەى دەیان کەس و داخستنى بارەگەى ئەو گروپ و رێکخراوانە دەکات کە لە سوید و فینلەندان و ئەو بە پشتیوانى تیرۆر تۆمەتباریان دەکات کە لێرەدا مەبەست لێى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە و بزوتنەوەى فەتحوڵا گولەنە.
ئەوەى لە خۆپیشاندانەکە روویدا بۆ ئێمە شتێکی چاوەڕوانکراو نەبووە
یوسی هالا ئاهۆ، سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فینلەندا
سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی کە چوارشەممەى رابردوو 11ى کانوونى دووەمى 2023 لە ستۆکهۆڵم لەلایەن چالاکانى کوردەوە رێکخرابوو و تێیدا بوکەڵەیەک هاوشێوەی ئەردۆغان بەرزکرابووەوە، یوسی هالا ئاهۆ، بەرپرسەکەى پەرلەمانى فینلەندا گوتی: “شتێکی چاوەڕوانکراو نەبووە بۆ ئێمە.”
راگەیەندنەکانی تورکیا بەشداربووانى خۆپیشاندانەکەى 11ی ئەم مانگەى ستۆکهۆڵمى پایتەختى سوید وەکو لایەنگرانی پەکەکە پێناسە دەکەن، کە بەمەبەستی ئیدانەکردنی رێککەوتنی حکومەتی سوید بوو لەگەڵ حکومەتی تورکیا و ئەگەری رادەستکردنەوەى چەندین داواکراوی کورد کە لە تورکیا سزای قورسیان لەسەرە.
لە خۆپیشاندانەکەدا، بوکەڵەیەکى “هاوشێوەی ئەردۆغان” بە پەتێکەوە هەڵواسرابوو، ئەمەش کاردانەوەی توندی حکومەتی تورکیای بەدوای خۆیداهێنا.

هەڵواسینی بوکەڵەیەک “هاوشێوەی ئەردۆغان” بە پەتێکەوە
رۆژى دووشەممە 16ی کانوونی دووەم، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و گوتی، “سەرەتا حکومەتی سوید ژمارەیەک هەنگاوینا، بەڵام لەگەڵ ئەم پێشهاتانەی لەم دواییانەدا روویاندا، روون بووەوە کە سوید بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە”.
ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە، لە بەرچاوی پۆلیسی سوید ئەو کارە کراوە
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا
بۆزداغ دەشڵێت، بوکەڵەیەک هاوشێوەی ئەردۆغان هەڵواسرابوو لە خۆپیشاندانەکەدا “ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە، لە بەرچاوی پۆلیسی سوید ئەو کارە کراوە و پێویستە حکومەتی سوید هەنگاوی پێویست لەم رووەوە بنێت و ئەو کەسانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات”.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتی مەولود چاوشئۆغلۆ، سبەی چوارشەممە 18ی کانوونی دووەم سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکان، پرسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا دەبێت لە ناتۆدا کە ئەمریکا بە توندى پشتگیری دەکات.
هەروەها ئەمریکا لە پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16دا مەرجی قبوڵکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندای خستووەتە بەردەم تورکیا و پێدەچێت ئەم مامەڵەیە لە کۆبوونەوەکدا هەڵبسەنگێنرێن.