زووم:
مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقا کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بارەگاى بارزانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە، ئەمەى خوارەوە بەشێکى ناوەرۆکى راگەیەندراوەکەیە:
▪️لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تاوتوێ كرا، جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و بایەخی رۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.
▪️باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان کراوە، بارزانی دووپاتی كردەوە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێت.
▪️بارزانی خوازیارە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت.
▪️بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامی چاكسازییەکانى هێزى پێشمەرگە دووپات كردەوە.
▪️شاندی ئەمریکى جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
مەکگۆرک شەوى رابردوو گەیشتە بەغداد، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە، پاشان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، ئەمڕۆش دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ بارزانى، بەگوێرەى هەواڵى میدیاى فەرمى یەکێتى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیش کۆدەبێتەوە.