زوم، ئاژانسەکان:
ژمارەی دانیشتووانی چین لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار لە ساڵی رابردوودا دابەزی، رێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتەدا نزمترین ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، کە لە هەر 1000 ژنێكدا کەمتر لە حەوت کەس لەدایکبوون.
ژمارەی دانیشتووانی چین ساڵی 2022دا 1,411,750,000 کەس بووە و 850 هەزار کەس کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021.
ساڵانێکە رێژەی لەدایکبوونی ساڵانە لە چین لە دابەزیندایە، ئەمەش وای حکومەت کردووە، کە کۆمەڵێک سیاسەت بۆ خاوکردنەوەی ئەو دابەزینە دابنێت.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی رابردوودا، ژمارەی مردن لە ژمارەى لەدایکبوون زیاتر بووە
دوای حەوت ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی یەک منداڵ لەو وڵاتەدا، دۆخی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە “سەردەمی گەشەی نەرێنی دانیشتووان” وەسفی بکەن.
بەگوێرەی نوسینگەی ئاماری نیشتمانی چین، کە رۆژی سێشەممە ئامارەکانی بڵاوکردەوە، رێژەی لەدایکبوون لە ساڵی 2022 دابەزیوە، کە 7.52 منداڵ بوو بۆ هەر 1000 ژنێک لەو ساڵةدا.
هەر بەگوێرەى ئامارەکە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی رابردوودا، ژمارەی مردن لە ژمارەى لەدایکبوون زیاتر بووە. بەمەش ساڵی رابردوو چین بەرزترین رێژەی مردنی لە ساڵی 1976ەوە تۆمارکردووە، کە 7.37 کەس لە هەر 1000 کەسێک گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی پێشووتر لە هەر 1000 کەسێک 7.18 کەس گیانی لەدەستداوە.
حکومەت هۆشدارییان داوە لەبارەی قەیرانی دیمۆگرافی لەو وڵاتەدا
داتاکانی حکومەت هۆشدارییان داوە لەبارەی قەیرانی دیمۆگرافی لەو وڵاتەدا کە پێشبینی ئەوە دەکەن لە داهاتوودا هێزی کاری چین کەم ببێتەوە و بارگرانی لەسەر کەرتی تەندروستی و تێچووی دیکەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیادبکات.
ئەنجامەکانی سەرژمێری 10 ساڵ جارێک کە لە ساڵی 2021دا راگەیەندرا، دەریخست ژمارەی دانیشتوانی چین لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە خاوترین خێرایی زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان دادەنرێت بە بەراورد بە دەیەکانی دیکەی رابردوو.
پیربوونی دانیشتووان و دابەزینی رێژەی لەدایکبوون، وڵاتە ئابورییە پێشکەوتووەکانی دیکەی ئاسیا، وەک کۆریای باشور و یابان خاودەکاتەوە.
رەوتی دانیشتوانی چین بەهۆی سیاسەتی مشتومڕئامێزی یەک منداڵەوە لە قاڵب درابوو
رەوتی دانیشتوانی چین لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تاوەکو رادەیەکی زۆر بەهۆی سیاسەتی مشتومڕئامێزی یەک منداڵەوە لە قاڵب درابوو، یاساکە لە ساڵی 1979 بۆ خاوکردنەوەی گەشەی دانیشتوان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە رێگەی بە هاوسەران نەدەدا لە یەک منداڵ زیاتر بخەنەوە، بەڵام 7 ساڵ لەمەوبەر یاساکە هەڵوەشێندرایەوە.
ئەو خێزانانەی سەرپێچی یاساکانیان دەکرد، غەرامە دەکران و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت کارەکانیان لەدەستدەدا. لە کولتورێکی مێژوویدا کوڕان کە بە باشتر دەزانن لە کچان، سیاسەتەکە بووە هۆی لەباربردنی زۆرەملێ و بەگوێرەى راپۆرتەکان رێژەی رەگەزی کوڕان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە زیادیکردووە.
لە ساڵی 2016 رێگە بە هاوسەرەکان درا دوو منداڵیان هەبێت
ئەم سیاسەتە لە ساڵی 2016 هەڵوەشایەوە و رێگە بە هاوسەرە درا دوو منداڵیان هەبێت. هەروەها لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی چین کەمکردنەوەی باج و چاودێری تەندروستی باشتری پێشکەش بە دایکانی وڵاتەکە دەکرد، ئەمەش وەک هاندانەکانێک بوو بۆ پێچەوانەکردنەوەی یان لانیکەم خاوکردنەوەی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون.
لە ئۆکتۆبەری 2022، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بەرزکردنەوەی رێژەی لەدایکبوونی کردە کاری لەپیشینەی خۆی. شی لە کۆنگرەی حزبی شیوعی کە لە پێنج ساڵدا جارێک لە پەکین بەڕێوەدەچێت، گوتی حکومەتەکەی “ستراتیژێکی نیشتمانی چالاکانە پەیڕەو دەکات” لە وەڵامی پیربوونی دانیشتوانی وڵاتەکەیدا.