زووم
تیمى وزارى پارتى دیموکراتى کوردستان، وەڵانى تیمى یەکێتى نیشتمانى کوردستانى دایەوە و دەڵێت، داواتان لێدەکەین نەبنە رێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان.
شەوى رابردوو تیمى وزارى یەکێتى راگەیەندراوێکى لەبارەى پەیامەکەى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆش تیمى پارتى وەڵامى دایەوە، ئەمەى خوارەوە بەشێکى ناوەرۆکى راگەیەندراوەکەیە:
▪️تیمی یەکێتی لەبری گفتوگۆ و کۆبوونەوە بە کاردانەوەی لاواز وەڵامی پەیامەکەى سەرۆکوەزیرانیان دایەوە.
▪️بەشدارینەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گروپەکانی واتسئاپ، ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، واتای راکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.
▪️داواکارین بگەڕێنەوە سەر گوتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان کە چۆن باس لە دەستکەوت و کاروچالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن.
▪️ئەگەر کەموکورتییەک لەم کابینەیەدا هەبێت، ئەوا لە ئاکامی ئەو سیاسەت و رێگریەیە کە یەکێتی پیادەی دەکات.
▪️خەڵک و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن کە خەڵکەکە لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەر دەبەن.
▪️هەرچی خۆتان پێتان وایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵکی خۆتانە با لەگەڵ ئەو هێزە بێت کە بۆ هەموو سنورەکان پێکهێندراوە.
▪️داواتان لێدەکەین نەبنە رێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان.