زووم
ئەمڕۆ کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا دەستپێدەکات. داڤۆس کۆڕبەندێکی ئابووریی ساڵانەیە، ئەو رووداوە جیهانییەیە کە ساڵانە روبەڕوی زۆرترین رەخنە دەبێتەوە.
کێشەی هەژاران لەسەر مێزی دەوڵەمەندەکان
ساڵانە سەرکردە و سەرۆک، دەوڵەمەند و خاوەن بڕیار و سیاسەتمەدارە بەهێزەکان لە شارۆچکەیەکی بچووکی گەشتیاریی لە سویسرا کۆدەبنەوە، تاوەکو چارەسەر بۆ کێشەی هەژارانی جیهان بدۆزنەوە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەنجامەکەی وەکو ئەوە دەردەچێت کە شاخێک مشکێکی ببێ “واتە دۆخەکە هەمان تاس و هەمان حەمام.. هیچى لێ سەوز نابێ”.
ئەمە پوختەی ئەو رەخنانە بوون، کە کەسایەتی و رێکخراو و پارتە چەپەکانی جیهان ئاڕاستەی کۆڕبەندی داڤۆسی دەکەن. تەنانەت ملیۆنێرەکانیش کە لە رووی سەرمایەوە ئاستێک لە ملیاردێرەکان نزمترن، رەخنەی توند لە داڤۆس دەگرن، بۆنموونە کۆمەڵێک ملیۆنێر لە کۆڕبەندی ساڵی رابردوودا هاتنەپاڵ چالاک و رێکخراوە چەپەکان، ئەوان لەسەر شەقامەوە داوایاندەکرد باجیان لەسەر زیادبکرێت، ئەوان دەیانگوت باشترین چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی خەڵکی هەژار تێیکەوتووە زیادکردنی باجە لەسەر دەوڵەمەندەکان، بە رێژەیەکی زۆر زۆر زیاتر لەوەی کە هەیە.
ملیۆنێرە نیشتمانییەکان
پاش سەرهەڵدانی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی رووی لە خەڵکی جیهان کردووە، ملیۆنێرەکان گروپێکیان بەناوی “ملیۆنێرە نیشتمانییەکان” دروستکردووە، ئەوان دەڵێن دەوڵەمەندەکان هیچ فشارێکیان نەکەوتووەتە سەر، تەنها خەڵکانی هەژار باجەکەی دەدەن.
ئەوان لە یەکەم پەیامیاندا رایانگەیاندبوو، ئەو سیستەمی باجەی ئێستا کاری پێدەکرێت، سیستەمێکی نا-دادپەروەرانەیە، پێویستە دەستکاری بکرێت و دەوڵەمەندەکان باجی زیاتریان لێ بسەنرێت.
ژمارە “تۆقێنەرەکانی” ئۆکسفام
رێکخراوی خێرخوازیی ئۆکسفام هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کۆڕبەندی داڤۆسدا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردووەتەوە، وەکو ئەوەی دەیەوێت ژمارە و داتاکان ئاڕاستەی سەرکردە و بڕیاربەدەستەکانی داڤۆس بکات.
ئۆکسفام دەڵێت، ئەگەر باجی سەر ملیاردێرەکان بە رێژەی لەسەدا پێنج زیاد بکەن، ئەوا ساڵانە دەکاتە 1.7 ترلیۆن دۆلار، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی دوو ملیار کەس لە نەهامەتی و هەژاریی رزگاربکرێن.
رێکخراوە خێرخوازییەکە دەڵێت، دەوڵەمەندە زەبەلاحەکان کە تەنها لە سەدا یەکی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، یەک لەسەر سێی سەروەت و سامانی هەموو جیهانیان بەدەستەوەیە.
سەرزەمینی ملیاردێرەکان
ئەمڕۆش لەنێو ئەو دوو هەزار و 700 سەرۆک و سەرکردانەی لە 100 وڵاتی جیهانەوە هاتوونەتە داڤۆس، 116 کەسیان ملیاردێرن.
ئامادەبوونی 116 ملیاردێر لە داڤۆس لەکاتێکدایە، ئاژانسی بلومبێرگ دەڵێت، ئەمساڵیش ملیاردێرەکانی رووسیا هاوشێوەی چینییەکان بەشداریی کۆڕبەندەکەیان نەکردووە، ئەگەر وانەبوایە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر دەبوو.
ملیاردێرەکانی ئەمریکا زۆرترین بەشدارییان لە داڤۆسی ئەمساڵدا هەیە، 33 ملیاردێریان هاتوونەتە هاوینەهەوارەکە، لە بەرامبەر 18 ملیاردێری ئەوروپی.
ئەمە سەرباری ئامادەییەکی بەهێزی زەبەلاحەکانی ۆڵ ستریت بە سەرکردایەتی جەیمی دایمۆن و جەی بی مۆرگان.
هاوکات ملیاردێرەکان لە هیند و وڵاتانی کەنداوەوە شوێنی خۆیان لە داڤۆس گرتووە.
کۆبوونەوەی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی جیهان و ئامادەبوونی ملیاردێرەکان چوار رۆژ دەخایەنێت، لە 20ی مانگ کۆڕبەندی داڤۆس کۆتاییدێت، بەڵام رەنگە پرسیارەکەی رەخنەگران بمێنێتەوە: ئایا ئەمجارەش شاخەکە هەر مشکی دەبێت؟