زووم, ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ناسراو بە داڤۆس لە سویسرا دەستپێدەکات، سەرکردەی وڵاتان، کۆمپانیا گەورەکان و چەندین کەسایەتی بوارە جیاجیاکانی جیهان تێیدا بەشداردەبن.
كۆڕبەندەکە لە شارۆچکەیەکی “دڵگیری” سویسرا بەڕێوەدەچێت، کە ناوی داڤۆسە، بەرزترین ناوچەی کیشوەری ئەوروپایە لە ئاستی رووی دەریاوە. لە ئەمڕۆوە تاوەکو رۆژی هەینی لەژێر ناونیشانی “هەماهەنگیی لە جیهانێکی پارچەپارچەدا” بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی دەستنیشانکردنی کێشەکانى ئێستاى جیهان و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆیان.
کۆربەندى داڤۆس ئەمڕۆ دەستپێدەکات
کۆڕبەندی داڤۆس کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی جیهانییە، کە بە سەنتەری روداوەکانی جیهان دادەنرێت، بەتایبەتی کۆڕبەندی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت جیهان لەدوای کۆرۆناوە روبەڕوی جەنگى روسیا و ئۆکراین و چەندیین کێشە و ئاڵۆزی سیاسی، ئابوری، جوگرافی و ژینگەییی بووەتەوە، کە پێویستان بە هەڵوەستە لەسەرکردن و دیالۆگ هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.
یەکەم کۆڕبەندى داڤۆس لە ساڵی 1971 ئەنجامدرا. سەرۆکی وڵاتانی جیهان، سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمپانیا بازرگانییە تایبەتییەکانی جیهان پێکەوە لە بۆنەیەکی پێنج رۆژیدا کۆدەکاتەوە.
کۆڕبەندەکە ساڵانە روبەڕوی چەندین رەخنە دەبێتەوە، بەهۆى ئەوەى کە تەنها نوخبەیەکی دیاریکراوی جیهان کۆدەکاتەوە و چەندین هەواڵی “ساختە” لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
داڤۆس لەکاتى دامەزراندنیەوە تاوەکو ساڵی 2002 هەموو کۆڕبەندەکانی تێدا ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی روداوەکانی 11ی سێپتێمبەرەوە لە شاری نیویۆرک لە ساڵی 2002، وەک رێزێک بۆ قوربانییەکان کۆڕبەندەکە لەو ساڵەدا لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە ساڵانی 2021 و 2022دا کۆڕبەندەکە بەشێوەی ئۆنلاین لەژێر ناونیشانی “ئەجێندای داڤۆس” بەڕێوەچوو. بەڵام دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا كۆڕبەندەکە دووبارە بەشێوەى روبەڕوو لە داڤۆس بەڕێوەچووەوە.
بەڕێوەبەرانی سەرەکی 1000 کۆمپانیا بەشداردەبن
بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا بە بانگهێشتنامەیەک دەبێت، کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بۆ ئەمانەی خوارەوە دەنێردرێت:
بەڕێوەبەرانی سەرەکی 1000 کۆمپانیا، کە لەگەڵ كۆڕبەندەکەدا هەماهەنگییان هەیە. ئەنجومەنی بازرگانی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەرانی پیشەسازییە گەورەکانی جیهان.
کەسایەتییە گشتیەکان لە سەرانسەری جیهان لەوانەش وڵاتانی گروپی G7 و G20، هەروەها سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
2,700 سەرکردەی باڵای جیهان لە 130 وڵاتەوە بەشداردەبن
سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوە کرێکاری و میدیاییەکان، هەروەها بیرمەند و ئەکادیمییە باڵاکانی جیهان. ئەندامانی کۆمەڵگەی داهێنەرانی جیهانی، کەسایەتییە پێشەنگانی تەکنەلۆژیا، کۆمەڵگەی داهێنەرانی جیهانی، سەرکردە گەنجەکانی جیهان.
لە کۆڕبەندەکەی ئەمڕۆدا زیاتر لە 2,700 سەرکردەی باڵای جیهان لە 130 وڵاتەوە بەشداری دەکەن. بەڵام لە گروپی G7 تەنها ئۆلاف شۆڵدز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئامادەدەبێت.
هەریەک لە جۆن کێری، وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ پرسی ژینگە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و فاتیح بایرۆل وەک شارەزایەکی ئابوری و وزە لە تورکیا، بەشداری دەکەن.
بەهۆی هێرشەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکراین، هیچ کەسایەتییەکی ئەو وڵاتە لەلایەن داڤۆسەوە بۆ کۆڕبەندەکە بانگهێشت نەکراون. هەرچی ئۆکراینیشە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکى وڵاتەکە پێشتر رایگەیاندبوو حکومەتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار بێت.
سەرۆککۆمارى عێراق بەشداردەبێت
لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا پرسی ئابوری جیهانی، وزە، جیهانگیری، جەنگی ئۆکراین، بەربوونەوەی خەرجی ژیان، داهاتووی بازاڕی کار، دۆخی کۆرۆنا، پرسی سایبەر سێکیوریتی (سەلامەتی ئینەرنێت)، خانووبەرە، دراوە دیجیتاڵییەکان، ئاسایشی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا، زیرەکی دەستکرد و دەیان پرسی دیکەی جیهانی تاوتوێ دەکرێن.
#KurdistanInDavos #wef23 pic.twitter.com/walAZZoke9
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) January 16, 2023
لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق و مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بەشدار دەبن.
کۆڕبەندەکە وەک دەرفەت دەبینرێت بۆ دیدار و کۆبوونەوەى سەرۆک و کەسایەتییەکانى جیهان. لە کۆڕبەندى ساڵى 2020 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.