خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەندین شار و ناوچە بەردەوامن، بەگوێرەى ئامارەکان تاوەکو ئێستا 74 ژن کوژراون. ژمارەی دەستگیرکراوەکانی شاری جوانڕۆش گەیشتووتە 50 کەس.
ئاژانسی کۆڵبەر نیوز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام دوو ئاماری لەبارەی کوژان و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆپیشاندانەکاندا بڵاوکردووەتەوە. تاوەکو ئێستا لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 74 ژن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئیرانەوە کوژراون.
دەڵێت، ئیتلاعاتی ئێران فشارێکی زۆری خستووەتەسەر خانەوادەی کوژراوەکان کە هەواڵی کوژرانی ئەندامانی خانەوادەکانیان بڵاونەکەنەوە، بۆیە پێدەچێت ژمارەی ئەو ژنانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون زیاتر بن.
شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرمانشانیش لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، یەکێک بووە لەو شارانەی کە خۆپیشاندان و پێکدادانی “توند” لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا تێیدا رویداوە.
بەگوێرەى ئاژانسەکە دوای ئاڵۆزیەکانی چەند هەفتەى رابردوو، هێزە ئەمنیەکان هەڵمەتێکی فراوانیان لەدژی گەنجان و چالاکانی شارەکە دەستپیکردووە و رۆژانە چەند کەسێک دەستگیر دەکەن.
ئاژانسەکە دەڵێت، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی گەیشتووەتە دەستیان، تاوەکو ئێستا 50 کەس لە خەڵکی جوانڕۆ دەستگیرکراون، کە ژمارەیەکیان خوێندکار و کەسانى خوار تەمەن 18 ساڵن و چارەنوسی ژمارەکەیان نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ چوار هاوڵاتی کورد لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە، کە تاوەکو ئێستا خانەوادەکانیان ئاگاداری دۆخیان نین.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران رۆژى 17ی ئەیلولی 2022 دەستپێکرد و زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامە.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانەکاندا لە سەرتاسەری ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 500 کەس کوژراون.
رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێن، نزیکەی 140 کەس لە کوژراوەکان کوردن.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس دەستگیرکراون، چوار کەس لە خۆپیشاندەران بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامانی بەسیج لەسێدارە دراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 کەسی دیکەدا هەیە.