پۆلیسی ئیتاڵیا دەستگیرکردنى یەکێک لە گەورەترین مافیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، کە 30 ساڵە بەدوایدا دەگەرێن، ماتیۆ مێسینا دێنارۆیە مافیاکەیە.
دێنارۆ باڵاترین سەرۆکی گروپی کۆسا نۆسترایە، کە بەناوبانگترین گروپی مافیای ئیتاڵیایە و لە جیهاندا بە مافیای سیسیلیا ناسراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ دورگەی سیسیلی ئیتاڵیا.
دێنارۆ، سەرۆکی بەناوبانگترین گروپی مافیای ئیتاڵیایە
بەگوتەی بەرپرسانی پۆلیس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، 16ى کانوونى دووەم دینارۆ لە نۆرینگەیەکی پزیشکی تایبەت لە شاری پالێرمۆ لە دورگەی سیسیلی دەستگیرکراوە.
دینارۆ، کە ئێستا لە شەستەکانی تەمەنیدایە، توشی نەخۆشی شێرپەنجەی کۆڵۆن و جگەر بووە و چەند جارێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیای سەردانی ئەو نۆرینگەیەی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە نۆرینگەکە ناوی دیکەی بەکارهێناوە، نەتوانراوە بناسرێتەوە.
پێشتر بەهۆی زۆری تاوان و کوشتنی بەرپرس و خەڵکی ئاساییەوە، دینارۆ کە بە دیابۆلیک ناسراوە، لە ساڵی 2002 بە غیابی چەندین سزای زیندانی هەتاهەتایی لەلایەن دادگای ئیتاڵیاوە بەسەردا سەپێنراوە.
لە ساڵی 2002 بە غیابی چەندین سزای لەلایەن دادگای ئیتاڵیاوە بەسەردا سەپێنراوە
دینارۆ تۆماتبارە بەوەی لە ساڵی 1992دا دوو تەقینەوەی لە سیسیلی ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە دوو دادوەری باڵای دژە مافیای ئیتاڵیا و چەندین کەسی دیکە کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەى هەواڵیکی ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی AGI، دینارۆ لەتۆمارێکی دەنگیدا گوتویەتی “من بەتەنها گۆڕستانێکم پڕکردووە” وەک ئاماژەیەک بۆ زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی کوشتوونی.
هەر ئەمەشە وایکردووە رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لەدوای دەستگیرکردنی دینارۆ لە تویتێکدا بنوسێت “جیهان ئەمڕۆ کەمێک سەلامەتترە.” هەروەها جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: “ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی ئیتاڵیا.”
من بەتەنها گۆڕستانێکم پڕکردووە
ماتیۆ مێسینا دێنارۆ
سەرەڕای تاوانکارییەکانی، دینارۆ بە پۆشینی جلوبەرگ، چاویلکە و کاتژمیری دەستی گرانبەها ناوبانگی دەرکردبوو. بەڵام وێنەی زۆر دەگمەنی بڵاوببووەوە، هەر بۆیە بەرپرسانی ئیتاڵیا بەشێوەی ئەلیکترۆنی چەند وێنەیەکیان کێشا بوو بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بەکاریبهێنن.
لە مانگی ئابی ساڵی 2021دا تەلەڤزیۆنی Raiی ئیتاڵیایە تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری ساڵی 1993، کە تێیدا دینارۆ لە دادگایەکدا قسەدەکات کە بۆ ئیفادە وەرگرتن بانگهێشتکرابوو، بەڵام چەند هەفتەیەک دواتر دینارۆی گەنج ون دەبێت و لەوکاتەوە پۆلیس بەدوایدا وێڵە.
دەگوترێت بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆی، دینارۆ چەندین نەشتەرگەریی بۆ دەموچاوی ئەنجامداوە و پەنجەمۆرەکانی سەر پەنجەکانی دەستی بە نەشتەرگەریی هەڵگرتووە. هەر بۆیە لەو ساڵانەی دواییدا چەندین کەس بەهەڵە بە ناوی ئەوەوە دەستگیرکراون.
بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆی، دینارۆ چەندین نەشتەرگەریی بۆ دەموچاوی ئەنجامداوە
بەهۆی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە دینارۆ، پۆلیسی ئیتاڵیا چەندینجار زیاتر لە 100 کەس لە نزیکەکانی دینارۆ وەک خوشک و برا و ئامۆزاکانی دەستگیرکردووە. تەنانەت هەموو پەیوەندییەکانی کەسە نزیکەکانی دینارۆیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە، تەنها بۆ ئەوەی سەرەداوێکیان لەبارەی مافیاکەوە دەستبکەوێت.
سەرەڕای بەردەوامیی لێکۆڵینەوە و بەدواداگەرانی ورد و چڕ، دینارۆ مافیایەکی گەڕۆک بووە و چەند مافیایەکی پێشووی ئیتاڵیا دەڵین، ئەویان لە ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکای باشوریش بینیوە.
ئێستا گەورە مافیاکە پیاوێکی ئازاد نییە، چاوەڕێدەکرێت پۆلیسی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی ئەو شوێنانەوە دەستپێبکات کە دینارۆ خۆی تێدا شاردووەتەوە و هەموو ئەو تۆڕانەش کە داڵدەیان داوە روبەڕوی یاسا بکاتەوە.