زوومی سلێمانی:
سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵانەی رەوشی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەرەکە دەڵێت “هاوشێوەی ساڵانی رابردوو کەشێکی دوژمنکارانە بەرامبەر رۆژنامەنووس لە ئارادایە”.
راگەیاندنی راپۆرتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2023 لە رێوڕەسمێکدا لە هۆتێل رامادای شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی رابردوودا 431 پێشێلکاریی بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی ئەنجامدراوە.
رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، لە گوتارێکدا، ئاماژەی بەوەدا رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
رێکخەری سەنتەری میترۆ، باسی لە دۆخی رۆژنامەنووسانیش کرد و گوتی، کەمیی و دواکەوتنی مووچەی رۆژنامەنووسان بووەتە دیاردە و جیاوازیی زەق لە نێوان مووچەی خانمانی رۆژنامەنووس و هاوکارەکانیاندا هەیە.
رەحمان غەریب رەخنەی لە میدیای کوردییش گرت “میدیای کوردی زۆر بێباکانە و بێ گوێدانە سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووسەکانیان، لە پێناو سەبقێکی رۆژنامەنووسیدا دەیاننێرنە بەرەکانی جەنگ”.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی گوتارێکی پێشکەشکرد، گوتی “ئازادیی رۆژنامەنووسیمان هەیە، بەڵام رۆژنامەنووسیی ئازادمان وەکو پێویست نییە”.
سەنتەری میترۆ 11 ساڵە بە بەردەوامی راپۆرتی رەوشی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.