ئەمریكا دەرگای سنورەكانی بەڕووی 50 هەزار كەسدا دەكاتەوە، دەرگایەك كە خۆیان ناویان لێناوە (لۆتەری) و ئێمەش پێی دەڵێین (یانسیب).
ساڵانە حكومەتی ئەمریكا لە رێی ماڵپەڕی تایبەتی وەزارەتی دەرەوە، “دیڤی لۆتەری” رادەگەیەنێت، كە پرۆگرامێكی تایبەتی وەرگرتنی كۆچبەرانە و ئەمەریکا بە (سیستمێكی هەڕەمەكیانە) ناوی دەبات.
هەرچەندە دەگوترێت ئەو پرۆگرامە هەڕەمەكیانەیە و مەرجەكانی پڕكردنەوەی یانسیبەكە زۆر قورس و زەحمەت نین، بەڵام پێناچێت حكومەتی ئەمریكا هێندە دەستی شل کردبێت، بەوپێیەی شەش مانگی دەوێت تاوەکو وردبینی لە داواكارییەكان دەکات، هەروا بە ئاسانییش، دەرگای وڵاتەکەی بۆ هیچ كەسێك ناكاتەوە.
بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی یانسیبی ساڵی 2024، ئێستا ماڵپەڕەکە کراوەیە و تاوەکو رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بە كراوەیی دەمێنێتەوە.
بۆیە ئەگەر دەتەوێت بەختی خۆت تاقیبكەیتەوە و بە یانسیبێك خۆت و ماڵ و منداڵت ببەیتە ئەمریكا، ئەوا دەبێت لە ماوەی ئەو مانگەدا بەگوێرەی مەرجە دیاریكراوەكان، فۆرم پڕبكەیتەوە.
مەرجەكانیش لە خۆت قورس مەكە و پارە بە كەس مەدە بۆ پڕكردنەوەی، ئەگەر خۆشت شارەزا نیت، ئەوا بە كەسێكی شارەزا بڵێ فۆرمەكەت بە دروستی بۆ پڕبكاتەوە.
تەنها ئەوەی پێویستە:
یەكەم: پاسپۆرتەكەت بەسەرنەچوبێت
دووەم: تەمەنت لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت
سێیەم: وێنەیەكی نوێ لە ستۆدیۆیەك بگرە و بڵێ با هیچ سێبەر و تاریكییەكی نەبێت و بۆ لۆتەری ئەمریكام دەوێت
چوارەم: دەموچاوت لە وێنەكەدا روون و ئاشكرا بێت، كێشە نییە ئەگەر لەچكت كردبێت، بەڵام با دەموچاوت دانەپۆشرابێت
پێنجەم: بەلایەنی كەمەوە بڕوانامەی پۆلی 12ی ئامادەییت هەبێت
مەرجەكان و پڕكردنەوەی فۆرمەكە قورس نین، بەڵام لەنێو چەندین ملیۆن كەسدا دەبێت (بەخت یاوەرت بێت) ئەوكات ناوت دەردەچێت.
ئەوەش بزانن کە پێش ئێوە، ساڵانە ناوی چەندین كورد دەرچوە و هەر لەم كوردستانەوە پاش تەواوكردنی مامەڵەكانیان، لە رێی فڕۆكەوە چونەتە ئەمریکا و لەوێ ژیانی نوێیان دەستپێكردوە.
بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن كەس لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە بەشداری پرۆگرامی لۆتەری دەكەن، بەڵام 50 هەزار كەس چانس یاوەریان دەبێت.
ئەو كەسانەشی كە ناویان دەردەچێت، تەنها لە رێی ئەو كۆدە تایبەتەوە دەتوانن دەرئەنجامی شەخسیی خۆیان ببینن، كە دوای پڕكردنەوەی فۆرمەكە وەریدەگرن.
هەر كاتێكیش ناوت دەرچوو، دەچیتە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و مامەڵەکانت تەواو دەکەیت، بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەوەبیت کە زانیارییەكانی ناو فۆرمەكەت راست و دروست بن.
پێشینەی تاوانت نەبێت و داواكراو نەبیت، هەروەها نابێت هیچ نەخۆشییەكی گوازراوەت هەبێت.
ئەگەر منداڵیشت هەیە نابێت تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵانەوە بێت، ئەگەر سینگڵیشیت، پێویستە تەمەنت لە سەروو 18 ساڵانەوە بێت.