زووم:
ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان پێینایە قۆناغێکى نوێوە پاش ئەو وەڵام و وەڵامکارییەى ئەمڕۆ یەکشەممە لە نێوان مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران و تیمى وزارى یەکێتى لە حکومەت روویدا.
سەرەتا مەسرور بارزانى دەوروبەرى کاتژمێر 3:00ى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (15ى کانوونى دووەمى 2023) پەیامێکى بڵاوکردەوە و باسى لە هۆکاریی ناکۆکییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کرد.
مەسرور بارزانى لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم، بەڵام بەداخەوە رێگری و کۆسپ لەبەردەم حکومەتی هەرێم دروستکراوە”.
دەشڵێت: “نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین هەیە”.
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان باسى لەوەشکردووە کە “لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ناوخۆ بۆیان دەرکەوتووە کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانەوە”.
“ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێ دراوە” وەکو لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەى مەسرور بارزانیدا هاتووە.
راشیگەیاندووە “سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین دروستبووە”.
مەسرور بارزانى ئاماژەى بەوەشداوە کە “لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتییەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەرکەزی بێت”.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دەڵێت: “پێویستە کۆسپ بۆ ئەو پرۆسەیە دروست نەکرێت”.
لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیشەوە کە دەبوو سەرەتاى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوو بەڕێوەبچوایە، مەسرور بارزانى دەڵێت: “پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن، لە زووترین کاتدا دابین بکەین”.
وەڵامى تیمی وەزاری یەکێتی بۆ مەسرور بارزانى
پاش نزیکەى حەوت کاتژمێر لە پەیامەکەى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیران و ئەندامانی تیمی وەزاری یەکێتی لە حکومەت، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە وەڵامی مەسرور بارزانی-یان دایەوە.
لە وەڵامەکەدا قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی دەڵێن: سەرۆکی حکومەت لەبری ئەوەی راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێکی پڕ لە چەواشەکاری بڵاودەکاتەوە”.
دەشڵێن “كابینهی نۆ خراپترین كابینهیه له مێژووی حكومڕانیی كوردستاندا”.
لەبارەى دۆخى ناوچەکانى سلێمانى، تیمى وەزارى یەکێتى دەڵێت: “بهسهر و زیادهوه غهدر له سلێمانی و ههڵهبجه و ئیدارهكانی گهرمیان و راپهڕین كراوه و بهڵێ به پیلان ئابڵوقهتان خستووهته سهر سلێمانی”.
لە بەشێکى دیکەى وەڵامەکەدا تیمى وەزارەتى یەکێتى دەڵێت: “ههر زوو ئهو رێككهوتنه شكێنرا، كه حكومهتی پێ پێكهێنرابوو”.
“بێ زهحمهت كێ دهزانێ داهاتی ئیبراهیم خهلیل چهنده؟ بۆچی ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتی ئیبراهیم خهلیل و حاجی ئۆمهران و خاڵه سنوورییهكانی دیكه بكهن؟” وەکو لە بەشێکى وەڵامەکەى تیمى وەزارى یەکێتى بۆ سەرۆکوەزیرانى هەرێم هاتووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنیش تیمە وەزارى یەکێتى دەڵێت: “یەکێتی هیچ کات لە ههڵبژاردن نهترساوهو ئامادهین بۆ ئهنجامدانى ههڵبژاردنێكى پاك و بێگهرد، به یاسایهكى ههمواركراو”.
دۆسیەى عەقید هاوکار جاف
لە وەڵام و وەڵامکارییەکەى نێوان هەردوولادا یەکێک لەو پرسانەى کە وروژێنراوە، دۆسیەى عەقید هاوکار جاف- ئەفسەرەکەى دەزگاى زانیارییە کە لە سەرەتاى مانگى تشرینى یەکەمى 2022 لە شارى هەولێر کوژرا.
مەسرور بارزانى لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سیێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نیە، کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نییە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاوڵاتیيانی هەرێم قبوڵی بکەن”.
لە وەڵامدا تیمى وەزارەتى یەکێتى دەڵێت: “سەرۆکی حکومەت دەیەوێت بهزۆری زۆردارى یهكێتیی و چهند كهسایهتییهك لهناو یهكێتی تۆمهتبار بکات، له سهرهتاى رووداوهكهوه ئهوه یهكێتی بوو داواى لێكۆڵینهوهى هاوبهشی كرد و داواشی كرد لایهنه نێودهوڵهتییهكان بهشداربن له لێكۆڵینهوهكان، كهچی دهزگا ئهمنییهكهى سهرۆكى حكومهت ههر زوو سیناریۆكهى خۆیان بڵاوكردهوه.
هەر لەسەر ئەو پرسە تیمى وەزارەتى یەکێتى دەڵێت: “سهرۆكى حكومهت قسهى یهكێتی دووباره دهكاتهوه و دهڵێ با لایهنى نێودهوڵهتى بێنه ناو لێكۆڵینهوهكان، پاش چی! دواى ئهوهى سیناریۆكانتان بڵاوكردەوە، و تەواوی بودجەی هێزێک نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی”.
وەڵام و وەڵامکارییەى ئەمڕۆ لەکاتێکدایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانییەکانی خۆی لە ئەدای حوکمڕانی پارتی نەشاردووەتەوە، نزیکەی سێ مانگە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گرژیی تێکەوتووە، بە رادەیەک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە. هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەکەش، نیگەرانیی هەیە.