دەسەڵاتی تورکیا، دوو دۆسیەی دیکە لەدژی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ دەجووڵێنێت کە پەیوەندیان بە گەندەڵیەوە هەیە لە بواری ئاوەداندکردنەوەدا.
ئایتونچ ئەرکین نووسەری رۆژنامەی سوزجور نزیک لە پارتی گەلی کۆماری رایگەیاند، حکومەتی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار دوو دۆسیەی دیکەی لەدژی ئیمامئۆغلۆ جووڵاندووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئەو نووسەرە، دۆسیەکانی تایبەتە بە ئەو کاتەی ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی شارەوانی ناوچەی بەیلکدوزوی ئەستەنبوڵ بووە و پەیوەندی بە پرسی ئاوەدانکردنەوەوە هەیە.
لە نووسینەکەی ئەرکیندا هاتووە، ” پێنجی ئەم مانگە ئەردۆغان و هاوکارەکانی لە کۆبونەوەیەکدا، باسیان لەو تاوانانە کردووە کە دراوەتە پاڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ. بەگوێرەی بەڵگەکان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانرێت ئیمامئۆغلۆ لە دۆسیەی ‘تیرۆر’دا تاوانبار بکرێت، بۆیەش رێگەیەکی دیکە تاقیدەکەنەوە.
نووسەرەکە دەڵێت، دوای کۆبونەوەکە، دۆسیەی گەندەڵی کە لە کۆبونەوەکەدا ئامادەکراوە، بۆ داواکاری گشتی رەوانەکراوە. بۆیەش بەگوێرەی زانیاریەکان، دوو دۆسیەی گەندەلی لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا، ئامادە دەکرێن و ئەمەش دوایین هەوڵی دەسەڵات نابێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، 14ی کانوونى یەکەمی 2022، چووە بەردەم دادگای ئەستەنبوڵ، لەسەر سکاڵاى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە ئیمامئۆغلۆ بە سوکایەتی بە دامەزراوەکە و بەرپرسانی تۆمەتبار دەکەن.
دادگا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانى بەسەردا سەپاند، بەبێ ئەوەى کاتى جێبەجێکردنى ئاشکرابکرێت.
ئیمامئۆغلۆ، لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی، 31ی ئازاری ساڵی 2019، توانی لەسەر لیستی پارتەکەی بە جیاوازی 14 هەزار دەنگ بەسەر بینالی یڵدرم، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)دا سەربکەوێت، بەڵام ئاکەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەى لەو شارە قبوڵ نەکرد، رۆژى 23ی حوزەیرانی هەمان ساڵ هەڵبژاردنى تێدا دووبارە کرایەوە.
بەڵام ئیمامئۆغلۆ، لە گەڕى دووەمدا زیاتر ئاکەپەى شۆککرد و بە جیاوازی زیاتر لە 800 هەزار دەنگ بەسەر بینالی یڵدرمدا سەرکەوێت و بوو بە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ.
لەو سەروبەندەدا ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، رەخنەی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرت و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی کۆمسیۆنەکەی بە لایەنگری بۆ ئاکەپە تۆمەتبارکرد و وشەی “بێمێشک”ـی لە دژی بەرپرسانی کۆمسیۆنەکە بەکارهێنا.
هەرچەندە، ولاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا و چەندین رێکخراو و پارتی سیاسی لە دەرەوە و ناوەوەی تورکیا، تۆمەتبارکردنی ئیمامئۆغلۆ بە ترسی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکان لەقەڵەم دەدەن کە ماوەیەک باسی کاندیدکردنی ئیمامئۆغلۆ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دەکرا، بەڵام فشارەکانی دەسەڵات لەمەرامبەری بەردەوامە.