زووم، ئاژانسەکان:
ئاژانسی ناسای ئەمریکی، پلانێکی نوێی راگەیاند بۆ دروستکردنی شوێنگرەوەی تەلیسکۆبی “جەیمس وێب”، کە ئەرکە سەرەکییەکەی بریتی دەبێت لە گەڕان بەدوای ژینگەیەکی گونجاودا بۆ ژیانکردن لە بۆشایی ئاسمان.
ناسا، هەفتەی رابردوو، لە دوایین کۆبونەوەی دەستەی فەلەکناسی ئەمریکیدا رایگەیاندبوو، پلانی پەرەپێدانی تەلیسکۆبە تازەکە بۆ ئەوەیە کە بگەڕێت بەدوای نیشانەکانی ژیانکردن لەسەر هەسارەکانی دیکە.
توانای چاودێریکردنی تەلیسکۆبە تازەکە دەگاتە خاڵێک کە بە L2 ناسراوە
بەگوێرەی ماڵپەڕی “Space”ی تایبەت بە هەواڵی بۆشایی ئاسمان، تەلیسکۆبە تازەکەی ناسا ئامێرێکی وێنەگرتنی بەتوانا لەخۆدەگرێت، تاوەکو زاناکان بتوانن لێکۆڵینەوە لە تەنەکانی بۆشایی ئاسمان و رەفتارەکانیان بکەن.
مارک کڵامبین، بەرپرسی بەشی فیزیای فەلەکی لە ناسا، رایگەیاند، لە تەلیسکۆبە تازەکەدا پشت بە تەکنۆلۆژیایەک بەستراوە، کە لە رابردوودا لە تەلیسکۆبەکانی “نانسی گریس رۆمان” و “جەیمس وێب”دا بەکارهێنراوە.
توانای چاودێریکردنی تەلیسکۆبە تازەکە دەگاتە خاڵێک کە بە L2 ناسراوە، یان خاڵی دووەمی لاگرانجی، کە ملیۆنێک میل لە زەوییەوە دوورە و بەرامبەر خۆرە.
تەلیسکۆبە تازەکە بەشێکە لە پرۆژەی “روانگە گەورەکان”ی ناسا
تەلیسکۆبە تازەکە بەشێکە لەو پرۆژەیەی “ناسا” کە بە “روانگە گەورەکان” ناسراوە، ئامانج لێی زانینی چانسی ژیانە لە دەرەوەی هەسارەی زەوی.