زووم:
کاتژمێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان (هەدەپە و هاوپەیمانەکانی) لە ئەستەنبوڵ یەکێک لە “فراوانترین” کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی دەستپێکرد و سەلاحەدین دەمیرتاشیش رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دەردەکەوێت کە کێ دادەخرێت.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ بە دروشمی “شەڕ و هەژاری بوەستێنین، پێکەوە گۆڕانکاری بکەین” بەڕێوەدەچێت.
لایەنەکانی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان پێکهاتوون لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی رەنج (ئەمەپ)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی ئازادی کۆمەڵگا (توپ)، پارتی بزوتنەوەی رەنجدەران ( ئەهەپ) و فیدراسیۆنەکانی ئەنجومەنە سۆسیالیستەکان (سەمەفە).
بەسرا ئیشسەڤەر هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی ئەستەنبوڵ، بە میدیاکانی گوت، رووبەرووی دەسەڵاتێک بووینەتەوە کە 20 ساڵە بە سیاسەتی شەڕ لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. بەهۆی ئەوەی بودجەی وڵات بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت، رۆژ بە رۆژ هەژاری و نەداری زیاتر دەبێت.
ئیشسەڤەر وتی، لەگەڵ هەژاری و نەداری فشارەکانیش زیادیان کردووە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی هێڵی سییەم، دەتوانێت وڵامدەرەوەی هەموو کێشەکانی تورکیا بێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە شەش ساڵە لە زیندانی ئەدرنە بەندکراوە، تویتێکی لەبارەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بڵاوکردەوە.
Günaydın. Rojbaş. Sabah ul hayr.
Bugün saat 1'de, Kartal Meydanındaki mitingdeyiz, değil mi?
Kim kimi kapatacakmış, AKP'ye de AYM'ye de gösterelim.
Ben yola çıktım, geliyorum, halayda buluşalım 😊 #EmekveÖzgürlükİçin pic.twitter.com/DoeTK52AnS
— Selahattin Demirtaş (@hdpdemirtas) January 15, 2023
دەمیرتاش دەڵێت، پێویستە ئەمڕۆ کاتژمێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ هەموو کەسێک لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ بێت. ئەمڕۆ دەردەکەوێت کە کێ دادەخرێت. ئەمە نیشانی ئاکەپە و دادگای دەستووری دەدرێت.
هەفتەی رابردوو دادگای دەستووریی تورکیا یەکەم دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بەڕێوەبرد، پێشتریش بە شێوەیەکی کاتی بڕیاری بڕینی بودجەی هەدەپەی دەرکردبوو، کە گەورەترین پارتی کوردییە لە باکووری کوردستان و سێیەم گەورەترین پارتە لە تورکیا.
دەمیرتاش لە کۆتایی تویتەکەیدا وەک گاڵتەیەک وتی، “ئێوە بڕۆن بۆ کۆبوونەوە جەماوەرییەکە وا منیش دێم” و ئیمۆجی پێکەنینیشی لەبەردەم ئەم رستەیەی داناوە.