ئەمڕۆ 12 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر شۆڕشی 2011ی تونس، لەو یادەدا هەزاران هاوڵاتی تونسی رژانە سەر شەقامەکان و داوا دەکەن قەیس سەعید واز لە سەرۆکایەتی وڵات بهێنێت. رێپێوانەکەی بەرەی رزگاری نیشتیمانی بەربەستە سەپێنراوەکانی شکاند و چوونە نێو شەقامی حەبیب بورقیبە لە ناوەڕاستی پایتەخت.
قەیس سەعید بۆ دەرەوە!
شەقامی حەبیب بورقیبە شوێنی ناسراوی خۆپیشاندانە فراوانەکانە لە پایتەخت، هەزاران تونسی بە ئاڵای وڵاتەکەیانەوە دروشمی “گەل دەیەوێت رژێم بڕوخێنێت”یان دەگوتەوە.
17ی کانوونی یەکەمی 2010، گەنجێکی تونسی لە ویلایەتی سيدی بوزيد بەناوى محەمەد بوعەزیزى وەکو ناڕەزایی بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی عەرەبانەکەی لەلایەن شارەوانییەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
محەمەد بوعەزیزی، ئەو گەنجەی بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆرشی تونس
ئەم روداوە دۆخەکەى تەقاندەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوانى لێکەوتەوە، 4ى کانوونى دووەمى 2011 بوعەزیزى بەهۆى زۆرى رێژەى سوتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.
خۆپیشاندانەکان هێندەى دیکە فراوانبوون، 10 رۆژ پاشتر و لە 14ی کانوونی دووەم، زەین عابدین بن عەلی ناچاربوو دەستبەردارى دەسەڵات بێت و لە وڵات هەڵهات.
ئەمڕۆ خۆپیشاندەران سەرجەم ئەو بەربەستایان شکاند کە دانرابون بۆیان، هێزەکانی پۆلیسیان تێپەراند و بەرەنگاری دەسەڵات دەبونەوە.
ئەحمەد نەجیب شابی، سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتیمانی، داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی تونس کرد برژێنە سەر شەقامەکان و بێنە ریزی خۆپیشاندەرەکان.
ئەحمەد نەجیب دەڵێت، ئامانجی هەموومان با دەرکردنی قەیس سەعید بێت لە دەسەڵات، ئازادی تونس بە رۆیشتنی قەیس سەعید بەدیدێت.
بەرەی رزگاری نیشتیمانی، لە 31ی ئایاری ساڵی 2022 راگەیەندرا و پێنج پارتی سیاسی تونس لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش بریتین لە ژیانەوە، دڵی تونس، هاوپەیمانی کەرامەت، بزووتنەوەی ئیرادە و هیوای تونس لەگەڵ بزوتنەوەی هاوڵاتیانی دژە کودەتا، هەروەها چەندین پەرلەمانتاری سەربەخۆ.
حیمەت هیمامی، سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی تونس رایگەیاند، دیکتاتۆریەتی قەیس وەک دیکتاتۆریەتەکەی بن عەلی لەناودەچێت.
هیمامی دەڵێت، هەر کەسێک دەمەکان دابخات و دەنگەکان بێدەنگ بکات، قەدەری یا زیندانیکردن یا هەڵاتن لە نیشتیمان دەبێت.
هەر کەسێک دەنگەکان بێدەنگ بکات، قەدەری یا زیندانیکردن یا هەڵاتن لە نیشتیمان دەبێت
جەنگی نیشتیمانی
سەندیکای گشتی تونس بۆ کار کە گەورەترین سەندیکای کرێکارانە لە تونس داوا دەکات هەموان خۆیان ئامادە بکەن بۆ “جەنگی نیشتیمانی”.
نورەدین تەبوبی، سکرتێری گشتی سەندیکاکە رایگەیاند، سەندیکاکاران وەک سەرباز لە ئامادەباشیدان، بەرەنگاری ستەمکاری دەبێتەوە، پشتگری لە ئازادی دەکات و هەموان مافی خۆپیشاندانیان هەیە.
بەربەستی خۆپیشاندانەکان
بەگوێرەى سەرچاوەکان رێگری لە خۆپیشاندان دەکرێت و دەسەڵات نەیهێشتووە هاوڵاتیان بە پاس و شەمەندەفەر بێنە نێو پایتەخت.
رادیۆی ناوخۆیی مۆزاییک رایگەیاند، عەبیر موسی، سەرۆکی پارتی دەستوری ئازاد و لایەنگرانی لە شەقامی خەیرەدین پاشا کشاونەتەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەداوە خۆپیشاندانەکەیان بەرەو “کۆشکی قرتاج” بەردەوام بێت.
بڕیارەکانی 25ی تەموزی 2021 لەلایەن قەیس سەعید هۆکاری ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی تونسە کە وەک ئەوان دەڵێن کودەتای بەسەر دیموکراتیدا کردووە.
https://zoomnews.info/%d8%aa%d9%88%d9%86%d8%b3-%d9%be%d8%a7%d8%b4-12-%d8%b3%d8%a7%da%b5-%d9%84%db%95-%d8%b4%db%86%da%95%d8%b4-%d8%a8%db%95%d8%b1%db%95%d9%88-%da%a9%d9%88%db%8e%d8%9f/
لە 25ی تەمووزی 2021، قەیس سەعید سەرۆککۆماری تونس، پاڵپشت بە ماددەی 80ی دەستوری وڵاتەکە، ژمارەیەک “رێکاری نائاسایی” راگەیاند، ئەوەش پاش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردە سەربازیی و ئەمنییەکان، گرنگترین رێکار و بڕیارەکان بریتی بوون لە:
- سڕکردن و هەڵپەساردنی پەرلەمان و هەڵگرتنی حەسانە لەسەر سەرجەم پەرلەمانتاران.
- لابردنی سەرۆکوەزیران و گرتنەدەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن خودى خۆیەوە.
- گرتنەدەستی کارەکانی داواکاری گشتی لەلایەن خۆیەوە.