جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای رەزامەندی لە کۆنگرێسى وڵاتەکەى دەکات بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا. هەرچەندە ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس لەدژی ئەو هەنگاوەن، بەڵام بایدن دەتوانێت، مافی ڤیتۆ بەکار بهێنێت.
بڕیارەکەى بایدن لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی نوێی ئێف16 بە تورکیا و پاکێجی نۆژەندکردنەوەی فڕۆکەی ئێف16 بەشێوەیەکی نافەرمی گەیەندرایە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی سەرەتایی بۆ بکرێت.
لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس رەتیدەکەنەوە فڕۆکەی ئێف16 رادەستی تورکیا بکرێت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە، کۆنگرێس رەزامەندی بدات لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەکە بە تورکیا.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021دا، تورکیا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف16 و نزیکەی 80 پاکێجی نۆژەندکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی لە ئەمریکا کرد کە بەهاکەی دەگاتە 20 ملیار دۆلار.
بۆب مێنێندێز، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی سەر بە دیموکراتەکان رایگەیاندبوو، ئەوان لەدژی فروشتنی فڕۆکەی نوێن بە تورکیا و ئاماژەی بەوەکردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، مافەکانی مرۆڤ و پێوانە دیموکراسیکانی پشتگوێ خستووە و دڵەڕاوکێی لەلای دراوسێکانی کە ئەندامی ناتۆن دروست کردووە.
بۆب مێنێندێز ئەوەشی گوتبوو کە تاوەکو ئەردۆغان دەست لە هەڕەشەکانی هەڵنەگرێت و وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو دەست نەجووڵێتەوە، ئەو مامەڵەیە پەسەند ناکەن.
لە کاتێکدا کە ئەگەر کۆنگرێس بڕیارەکە پەسەند نەکات، بایدن دەتوانێت مافی ڤیتۆ بەکار بهێنێت و فەرمانی جێبەجێکردن بڕیارەکە دەربکات . لە کاتێکدا کۆنگرێس لە رابردوودا بڕیارنامەی لەو جۆرەی دەرکردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویست لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا کۆبکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ڤیتۆی سەرۆکایەتی.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی پلە بەرزی ئەو وڵاتەیەوە رایگەیاند، 18ی ئەم مانگە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمریکا دەکات و بابەتێکی گرنگی سەردانەکەی، فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 دەبێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەگەر تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆدا بدات، پێدەچێت، کۆنگرێسی ئەمریکا، رەزامەندی خۆی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا پیشان بدات.