زووم:
ئەمڕۆ ئێران لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری راگەیاند، وەکوچۆن هەفتەی رابردوو هاوسەرەکەی گوتبووی “رەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە” هەر زیندانییەکیش لە ئێران بەرلەوەی لەسێدارە بدرێت لە یەکەم هەنگاودا رەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان دەکرێت.
عەلیڕەزا ئەکبەری، کە لە سەردەمی محەمەد خاتەمی دا و بە دیاریکراوی لە ساڵانی 1999 تاوەکو 2005 جێگری وەزیری بەرگریی ئێران بووە. تۆمەتی سیخوڕیکردنی دراوەتە پاڵ بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا.
عەلیڕەزا ئەکبەری کێ بوو؟
ئەکبەری، هاوڵاتیەکی ئێرانی- بەریتانی بوو (61 ساڵ)، یەکێک بوو لە کارمەندە پایە بەرزەکانی حکومەتی ئێران لە رابردوودا. لە حکومەتەکەی محەمەد خاتەمیدا راوێژکار و دواتریش جێگری عەلی شەمخانی وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئێران بوە.
ئەکبەری، لە ساڵانی 2005 بۆ 2007 کە دانوستانەکانی ئەتۆمی لەلایەن عەلی لاریجانی بەڕێوەدەبرا، یەکێک بوە لە هاوکارانی تیمەکەی.
لە دوای ئەو ساڵانەوە چووەتە نەمسا و ئیسپانیا و دواتریش بۆ بەریتانیا، لەوێ دەستی بە چالاکی بازرگانی کردووە و بووەتە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی و ماوەی 10 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە.
بە گوتەی خۆی، بەرپرسی سەربازیی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان بوە، کە کۆتایی بە جەنگی ئێران و عێراق هێنا.
بعد صلاة الفجر اليوم تم إخراج نائب وزير الدفاع الإيراني علي رضا أكبري من زنزانته وتم إعدامه شنقًا بتهمة التجسس لصالح بريطانيا التي يحمل جنسيتها !
أكبري يبلغ من العمر 61 عام وكان يعمل في المجلس الأعلى للأمن القومي ..
قاتل في الحرب العراقية الإيرانية..ماذا ستفعل بريطاينا ؟ https://t.co/5p7wEFMqBq pic.twitter.com/pvlzjkxtdq
— مالك الروقي (@alrougui) January 14, 2023
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران چی دەڵێت؟
لە چەند رۆژی رابردوودا و لەبارەی دەستگیرکردنی عەلیڕەزا ئەکبەرییەوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران راگەیەنراوێکی هەبوو، تێیدا باسی لە چۆنێتیی دەستگیرکردنی دەکرد و ئاماژەی بە کارە سیخوڕییەکانیشی کردبوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعات، عەلیڕەزا ئەکبەری کاتێک خەریکی کاروباری وەرگرتنی ڤیزا بوە لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران، لەلایەن دوو ئەفسەری دەزگای سیخوڕیی بەریتانیاوە دەستنیشانکراوەو لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵدا کراوە. دواتر لە میانی گەشتەکانی بۆ ئەوروپا بە تەواوی بووەتە سیخوڕێکی “تەمام عەیار”ی دەزگای سیخوڕیی بەریتانیا.
ئیتڵاعات دەڵێت “ئەکبەری، توانیویەتی دەستی بگات بە زۆر شوێن و پێگەی هەستیاری ئێران و لەوێوە زانیاریی داوەتە دەزگای سیخوڕیی بەریتانیا.. پاش چاودێریکردنیشی لەلایەن سەربازانی گومناوی ئیمام زەمان-ەوە، توانراوە ئاشکرا بکرێت و دواتریش دەستگیربکرێت.
هەڵوێستی بەریتانیا
حکومەتی بەریتانیا تۆمەتەکانی ئێران رەتدەکاتەوە، جیمس کلۆرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پاش سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلیڕەزادا گوتبووی، ئەو کارە پاڵنەری سیاسی دەوڵەتی بێ رەحمی ئێرانی لەپشتە، کە هیچ رێزێک لە مافەکانی مرۆڤ ناگرێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای لە حکومەتی ئێران کردبوو، سزای لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری رابگیرێت و بە زوترین کات ئازاد بکرێت. ئەمە جگەلەوەی ئاماژەی بەوەدابوو، کە پارێزگاری لە خێزانەکەی عەلیڕەزا دەکەن.