زووم, ئاژانسەکان
روسیا رایگەیاند، دوای شەڕێکی چەند مانگە شارۆچکەی سۆلێدار “کانە خوێی ئۆکراین”ـی کۆنترۆڵکردووە، ئەوەشی بە هەنگاوێکی “گرنگ” بۆ هێرشەکەی وەسفکردووە.
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندووە، ئەم “سەرکەوتنە رێگە بۆ هێزەکانی روسیا خۆش دەکات رێگەکانی دابینکردنی پشتیوانى ئۆکراین بۆ شاری باخموت ببڕن.
بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاندووە شەڕی سۆلێدار هێشتا بەردەوامە و روسیایان بە “ژاوەژاوی زانیاری” تۆمەتبارکردووە.
شەڕەکانی دەوروبەری سۆلێدار یەکێکە لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە.
پاڤلۆ کیریلێنکۆ، پارێزگاری هەرێمەکە رایگەیاند، 559 هاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا 15 منداڵ لە شارۆچکەکەدا ماونەتەوە و ناتوانرێت بگوازرێنەوە دەرەوە.
گرنگی سۆلێدار بۆ سوپای روسیا لەلایەن شرۆڤەکارانی سەربازییەوە ناکۆکی لەسەرە بەهۆی قەبارەی تاڕادەیەک بچوکەوە. بەڵام پێدەچێت دەستبەسەرداگرتنی سۆلێدار وەک سەرکەوتنێک لە مۆسکۆ ستایشی بکرێت دوای چەند مانگێک لە شکست و پاشەکشە لە شەڕی 10 مانگەی روسیا.
سۆلێدار پێش جەنگ دانیشتوانەکەى 10 هەزار کەس بوو، بە کانە خۆێى ئۆکراین ناسراوە، ئەشکەوتێکى گەورەى تێدایە.
روسیا وەک دەستکەوتێکى گەورە وێناى دەکات و دەیەوێت لەوێوە گەمارۆى شارى باخموت بدات، کە 10 هێندەى سۆلێدارە و ناوەندێکى ستراتیژییە.
سێرحی چێرێڤاتی، گوتەبێژی فەرماندەیی سەربازیی رۆژهەڵاتی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا باشترین “چەکداری بەکرێگیراو” و یەکەکانی دیکەی خۆی رەوانەی سۆلێدار کردووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکراین، چەند کاتژمێرێک پێشتر لە گوتارەکەی شەوانەدا سۆلێدار، بەخموت و بەرگریی فراوانتری ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینی بە پرسی سەرەکی وەسفکرد.
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “تەنانەت ئەگەر هەردوو باخموت و سۆلێدار بکەونە دەست روسەکان، کاریگەری ستراتیژی لەسەر خودی شەڕەکە نابێت”.
لە دواى کشانەوەى روسیا لە خێرسون لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى رابردوودا ئەمە یەکەمین ناوچەیە کە کۆنترۆڵى کردبێتەوە.