زووم:
لە شارى بۆکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، تەقینەوەیەکى غاز رویدا، بەگوێرەى دواین ئامار شەش کەس گیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون. روداوەکە هاوشێوەى تەقینەوەکى سلێمانى بووە و خانوویەک بەتەواوى تەختى زەوى بووە.
دوو منداڵ، دوو ژن و دوو پیاون گیانیان لەدەستداوە
رەسوڵ مەعروفی، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى بۆکان بە ئاژانسی ئێرانى ئێرانى راگەیاند، ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە دوو منداڵ، دوو ژن و دوو پیاون، سێ کەسی دیکەى هەمان بنەماڵە برینداربوون.
ئەو گوتى، تەرمەکانى لەژێر داروپەردوى خانووە روخاوەکەدا دەرهێندراونەتەوە، کارمەندێکى بەرگرى شارستانیش لەو کاتەدا برینداربووە.
هاوشێوەى تەقینەوەکەى سلێمانییە
ئەم روداوەى بۆکان هاوشێوەى روداوى تەقینەوەى شارى سلێمانییە، کە ئەویش بەهۆى لێپچوونى غازەوە رویدا و خانوویەکى سێ نهۆمى تەختى زەوی بوو، لە روداوەکە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.
رەسوڵ مەعروفی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم روداوە نەزانراوە و شارەزایانی کۆمپانیای غاز بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکەن، بەڵام روخانى خانووەکە هاوشێوەی تەقینەوەی غازە.
بوکان دەکەوێتە باشورى رۆژهەڵاتى پارێزگاى ورمێ، ژمارەی دانیشتووانەکەى 180 هەزار کەسە.
بەگوتەى بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى شارەکە، چوار بنکەی ئاگرکوژێنەوە و کارمەندى فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەیان هەیە. لە روداوەکەى شەوى رابردووشدا 15 کارمەند بەشداربوون.