لە چواردەوری هەندێک لە محاویلە بەنرخەکان، ئەوانەی هێشتا کاردەکەن، کرێکارانی وێستگەی کارەبا بە بلۆکی کۆنکرێتی زەبەلاح قەڵغانیان بۆ دروستکردوون، چونکە ئامانجى سەرەکى موشەک و درۆنەکانى روسیان.
حەوت رۆژى هەفتە کاردەکەن
لە شوێنى پەنجەرە شکاوەکانى ژوری کۆنترۆڵکردنی وێستگەی کارەبا، کیسی خۆڵ لەسەریەک هەڵچنراوە، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرانەی کە حەوت رۆژ لە هەفتەدا و 24 کاتژمێر لە رۆژێکدا لەسەر مێزەکانیان و چاودێری پێوەر و شاشە و گڵۆپ و دەستکێشەکان دەکەن، کەمتر مەترسی کوژرانیان لەسەرە.
بەڕێوەبەرى وێستگەکە: تا بتوانین بەردەوام دەبین
بەڕێوەبەری ئەو وێستگەیەى کە تیمێکی رۆژنامەنووسانی ئەسۆشیەیتد پرێس بە زەحمەت دەستیان پێگەیشتووە، دەڵێت: “تاوەکو ئەو کاتەی ئامێرەکان هەبن و بتواندرێت چاکبکرێنەوە ئێمە کاردەکەین”.
ئاژانسەکە شوێن و ناوى وێستگەکەى بڵاونەکردووەتەوە، چونکە بەرپرسانی ئۆکراین دەڵێن، ئەو وردەکاریانە یارمەتی پلاندانەرانی سەربازیی روسیا دەدەن بۆ بە ئامانجگرتنیان.
بەڕێوەبەری وێستگەکە و کرێکارەکان ئامادەنەبوون ناسنامەکەیان بە ناوی تەواوی خۆیانەوە ئاشکرا بکرێت، ئەوانیش هەمان هۆکاریان هەیە.
لەبەرئەوەی وێستگەکە بەبێ ئەوان ناتوانێت کار بکات، بەڕێوەبەرەکان قیناع و کڵاوی زرێپۆشیان ئامادەکردووە بۆئەوەی لەکاتی تەپوتۆزی کوشندەدا لەبەری بکەن و لە کارەکانیان بەردەوام بن.
هەر هێرشێکی ئاسمانی روسیا زیانێکی زیاتر بە ژێرخانى ئۆکراین دەگەیەنێت، ماڵەکان تاریک و ساردتر دەکات.
ئەوانەى لە وێستگەکانى کارەبا کاردەکەن، هەندێکجار بە گیانى خۆیان هەوڵى بەردەوامبوونى ژیان لە وڵاتەکەیان دەدەن.
دەیان ساڵە لێرە کاردەکەین
“بەکورتی دەسەڵات لە ئۆکراین هیوایە و کرێکارانی وێستگەکەى کارەبا ناهێڵن هیوا بمرێت” ئەمە گوزارشتى ئاژانسەکەیە دواى ئەوەى تیمەکەیان چوونەتە لای کرێکارەکان و بە چاوى خۆیان ژیان و کارەکانیان بینیون.
لە ماوەی دەیان ساڵ کارکردنیان و گرنگیدان بە تۆرباین و کێبڵە ئەستورەکان وایکردووە بووەتە شتێک کە ئەوان خۆشیان دەوێن و دەیانەوێت لە موشەک بیانپارێزن.
وێستگە وەک ئۆرگانیزمێک وایە، هەر ئۆرگانێک تێیدا هەندێک گرنگی هەیە. بەڵام زۆرێک لە ئەندامەکان زیانیان پێگەیشتووە، ئۆلێه وای گوت، ئەو ماوەی 23 ساڵە لەو وێستگەیەدا کاردەکات.
دەڵێت “سەیرکردنی هەموو ئەمانە زۆر ئازارم دەدات. ئەمەش فشارێکى نامرۆڤانە. ئێمە وەک منداڵێک ئەم وێستگەیەمان لە باوەشدا هەڵگرتبوو”.
نزیکەى نیوەى سیستمى وزە زیانیان بەرکەوتووە
حکومەتی ئۆکراین دەڵێت، شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکە موشەکی و درۆنییەکانى روسیا لە مانگی ئەیلولەوە نزیکەی نیوەی سیستمی وزەی ئۆکراینای لەناوبردووە و زیانیان پێگەیاندووە.
پچڕانى کارەبا بووەتە بەشێک لە ژیانى رۆژانەى ئۆکراینییەکان، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەیان ملیۆن کەس تەنها بە کارەبای پچڕپچڕ، کات بەڕێدەکەن، هەندێکجار تەنها چەند کاتژمێرێک لە رۆژێکدا کارەبایان هەیە.
هەناردەکردنی کارەبا بۆ سلۆڤاکیا، رۆمانیا، هەنگاریا، پۆڵەندا و مۆڵدۆڤا راگیراوە
هەروەها بۆردومانەکان ئۆکراین ناچارکردووە هەناردەکردنی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێی سلۆڤاکیا، رۆمانیا، هەنگاریا، پۆڵەندا و مۆڵدۆڤا رابگرێت.
روسیا رایگەیاندووە، ئامانجی هێرشەکان لاوازکردنی توانای ئۆکراینە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.
کاربەدەستانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو ئازارەی رەشەباى جەنگى روسیا بە خەڵکی سڤیلى دەیگەیەنێت “تاوانی جەنگە”.
هەندێک رۆژ چەند کاتژمێرێ کارەبا هەیە
ئەو وێستگەى تیمی AP سەردانی کردووە چەندینجار بۆردومانکراوە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. کرێکارەکانی دەڵێن، هێشتا کارەبا بۆ هەزاران ماڵ دابین دەکات، بەڵام بەرهەمەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی پێش داگیرکاریدا دابەزیوە.
هەموو بەشەکانی دامەزراوەکە شوێنەوارى پارچەکانى موشەکیان پێوەدیارە، پارچە موشەکەکان بە دەوریاندا پەرش و بڵاون، لەو شوێنی لێی کەوتونەتەخوارەوە.
میکۆلا یەکێکە لەوانەى لە مردن رزگارى بووە. ئەو 36 ساڵ پێش ئێستا دەستی بە کارەکانی کردووە لەو وێستگەیە، ئەو کاتەی ئۆکراین بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤیەت.
باسی ئەوکاتە دەکات، کە موشەک بەر وێستگەکە کەوتووە “پەنجەرەکان لە یەک کاتدا کەوتنەخوارەوە، تۆز و خۆڵ لە سەقفەوە بەسەرمدا رژا”.
میکۆلا گوتی “ئێمە هیچ ترسێکمان بۆ گیانى خۆمان نییە، دەترسین ئەو ئامێرانەی کە پێویستن بۆ دابینکردنی ڕوناکی و گەرمی لەدەستى بدەین”.
روسیا تاکتیکى جەنگەکەى گۆڕیوە
ئۆلێه گوتی، روسیا تاکتیکى جەنگەکەى گۆڕیوە، پێشتر موشەکەکان لەسەر زەوى دەتقینەوە، بەڵام ئێستا لە ئاسماندا دەتێنەوە و زیانى زیاتر لێدەکەوێتەوە.
ئەوان هەر کە سەلامەت بوون، تیمەکانی چاککردنەوەی کارگەکە خەریکی خۆکۆکردنەوە دەبن بۆ چاککردنەوەى ئەو ئامێرانەى زیانیان پێگەیشتووە.
روسیا بۆردومان دەکات و ئێمە چاکى دەکەینەوە
ئەو دەڵێت “روسەکان بۆردومان دەکەن و ئێمە چاکى دەکەینەوە، دووبارە بۆردومان دەکەنەوە و ئێمەش چاکى دەکەینەوە. بەڕاستی پێویستمان بە یارمەتییە.