رەمەک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە زوومى راگەیاند، کاتژمێر 9:30 خولەکى ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لەنێو کێڵگەی غازی کۆرمۆر رویدا، تەقینەوەکە زیانى گیانى نەبووە.
دەڵێت، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە روون نییە، لیژنەیەکمان بۆ زانینی هۆکاری تەقینەوەکە پێکهێندراوە.
قایمقامى چەمچەماڵ: هۆکارى هێرشەکە نەزانراوە
بەگوتەى رەمەک رەمەزان دوای نیو کاتژمێر لە وەستانى کارەکانى کێڵگەکە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانە مادییەکانیش نەزانراوە.
تاوەکو مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردوو بابەتى هێرشى موشەکى بۆسەر کۆرمۆر لە ئارادەنەبوو، بەڵام لەوکاتەوە هەر روداوێک لە کێڵگەکە گومانى هێرشى لێدەکرێت پێشئەوەى ئەنجامەکان رابگەیەندرێت.
رۆژى 22ى حوزەیرانى 2022 بۆ یەکەمجار بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەکە، رۆژى 24ى حوزەیرانى بە موشەک هێرشێکى دیکەى کرایەوەسەر، رۆژى دواتر 25ى حوزەیران بۆ جاری سێیەم هێرشی کرایەوە سەر.
کێڵگەکە دەکەوێتە سنورى ناحیەى قادرکەرەمى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ، هەریەک لە کۆمپانیاى داناغاز و نەوتى هیلالى ئیماراتى وەبەرهێنانى تێدا دەکەن.
ساڵى 2007 دامەزرا و 2008 بەرهەمهێنانى غازی دەستیپێکرد
ئەم پرۆژەیە ساڵى 2007 دامەزرا و ساڵى 2008 بەرهەمهێنانى غاز تێیدا دەستیپێکرد.
بەگوێرەى پلانى داناغاز دەیەوێت تاوەکو بەهارى ئەمساڵ بەرهەمهێنانى غاز لە کێڵگەى کۆرمۆر بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا 450 ملیۆن پێ سێجایە.
لەکاتى هێرشەکانى حوزەیرانى ساڵى رابردوودا کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشیتییەکان بە وەکالەت گوتى، پاراستنى کێڵگەکە لە ئەستۆ حکومەتى فیدراڵییە و ئەم هێرشانەش قبوڵکراونین.