زووم:
شاندێکی یەکێتی بە جیا سەردانی سێ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای حزبەکە دەکەن و داوایان لێدەکەن رۆڵیان هەبێت لە پرۆسەی بڕیاردانی یەکێتیدا، بەتایبەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و دۆخی ناوخۆی حزبەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، کە لەسەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیەوە دەستیکەوتوون، شاندەکەی یەکێتی دوێنێ چوارشەممە سەردانی هەریەک لە مەلا بەختیار، قادر حەمە جان و عومەر فەتاح-یان کردووە، بەنیازیشن بۆ هەمان مەبەست بچنە لای ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە سیاسییەکانی یەکێتی.
رەفعەت عەبدوڵڵا بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی شاندەکەی یەکێتی دەکات، کە هەریەک لە فەرید ئەسەسەد سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەندامن تێیدا.
شاندەکەی یەکێتی سەردانی مەلا بەختیار، قادر حەمە جان و عومەر فەتاح-یان کردووە، بەنیازیشن بچنە لای ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنەکە
سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی، بۆ زوومی ئاشکراکرد، کە شاندەکەی یەکێتی بە مەلا بەختیار، قادر حەمەجان و عومەر فەتاح-یان گوتووە، “سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێیان باشە، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا رۆڵیان هەبێت لە بڕیارەکانی حزبەکەدا”.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانییەکانی خۆی لە ئەدای حوکمڕانی پارتی نەشاردووەتەوە، نزیکەی سێ مانگە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گرژیی تێکەوتووە، بە رادەیەک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە. هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەکەش، نیگەرانیی هەیە.
11ی مانگی رابردوو زووم لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتییەوە ئاشکرایکردبوو، لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی ئەو حزبەدا پێشنیازی ئەوە کراوە ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی بەشداربێت و رۆڵی هەبێت لە بڕیارەکانی ئەو حزبە، سەبارەت بە ناوخۆی حزبەکە و کێشەکانی لەگەڵ پارتی.