زووم:
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە چوار مانگى رابروودا 121 هاوڵاتی کورد لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە یەکێکە لەو رێکخراوانەى بایەخ بە مافەکانى مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان دەدات، تازەترین ئامارى لەبارەی هاوڵاتیانى کوژراوى کورد لە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان بڵاوکردووەتەوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە 16ى ئەیلولى 2022ەوە تاوەکو ئێستا 121 هاوڵاتی کورد لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کودستان و پارێزگاکانى دیکەى ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و سەربازانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون.
ئەو ئامارەى تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەکاتێکدایە، هەندێک رێکخراوی دیکەی بواری مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنن، ژمارەی کوژراوەکانی هاوڵاتیانی کورد لەو ژمارەیە زیاترە.
کۆمەڵەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کە یەکێکە لەو رێکخراوانە لە 10ی کانوونی یەکەمی 2022 رایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا بە گشتی 147 هاوڵاتی کورد کوژراون، بەڵام رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2022 ئاماژەی بە کوشتنی 139 خۆپیشاندەری کورد کردبوو.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە 16ی ئەیلولی 2022ەوە دەستیانپێکردووە، ئەویش لە پاش مەرگى ژینا ئەمینی (مەهسا) کە کچە کوردێکى خەڵکى سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، پاشئەوەى لەلایەن پۆلیسى ئەخلاقی تارانەوە دەستگیرکرا، سێ رۆژ دواتر لە رووداوێکى تەمومژاوییدا گیانى لەدەستدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، بە گشتی لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 480 کەس لە سەرتاسەرى ئێران کوژراون.