زووم:
رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتى ساڵانەى خۆى لەبارەى رەوشى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق و هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و دەسەڵاتدارانى بەغداد و هەولێر بە چەندین پێشێلکاریی دژ بە مافەکانى مرۆڤ تۆمەتباردەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی کانوونی دووەمى 2023، هیومان رایتس وۆچ کە رێکخراوێکى جیهانییە، راپۆرتى ساڵانەى تایبەت بە پێشێلکارییەکانى دژ بە مافى مرۆڤ لە سەرانسەرى جیهان بڵاوکردەوە لەنێویاندا راپۆرتى تایبەت بە عێراق و هەرێمى کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، لە 2022دا حکومەتى عێراق لە سەردەمی مستەفا کازمییدا نەیتوانى داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات، هاوکات لە دۆسیەکانی کوشتن، بریندارکردن و بێسەروشوێنکردنی خۆپیشاندەرانى عێراقى، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەکراوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێمى کوردستان یاسا ناڕوونەکانیان بەکارهێناوە بۆ کردنە ئامانجی رەخنەگران
سەبارەت بە هەرێمى کوردستان کە لە چوارچێوەى عێراق ئاماژەى بۆ کراوە، راپۆرتەکە دەڵێت، لە ساڵى 2022دا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، “دەسەڵاتدارانی هەرێمى کوردستان یاسا ناڕوونەکانیان بەکارهێنا بۆ کردنە ئامانجی رەخنەگران”.
خۆپیشادانەکانی عێراق
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ، سەرەتا بە باسکردنی خۆپیشاندانی تشرینییەکان دەستپێدەکات، کە لە تشرینی یەکەمی 2019 خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی ناوەراست و خواروی بەغدادی گرتەوە و داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەلی کاریان دەکرد، خۆپیشاندانەکان توندوتیژییان لێکەوتەوە و 487 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکانەوە کوژران، وەکو راپۆرتەکە ئاماژەى پێکردووە.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە ساڵی 2020 تا ساڵی 2022، لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و دۆسیەکانی کوشتن و تیرۆر و رفاندن دادپەروەریان بە خۆوەنەبینیوە.
دەشڵێت حکومەتی کازمی بەڵێنی قەرەبوکردنەوەی ئەو کەسانەی دا کە ئەندامێکی خێزانەکەیان کوژرابوون، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکان برینداربوون، بەڵێنەکەی بردە سەر و قەرەبوی کردنەوە، بەڵام پرۆسەی قەرەبوکردنەوەکە خاو و قورس بووە، هەندێک لە بریندارەکان دوو ساڵ و نیو چاوەرێی قەرەبویان کردووە.
بە ئامانجگرتنی رەخنەگرانی حکومەت
هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بە سکاڵایەکی یاسایی دەکات دژ بە ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، دکتۆر عەلی بەیاتی، بەو پێیەی ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق، هەوڵیداوە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان بکات.
هیومان رایتس وۆچ باسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵی 2022، یاسا ناڕوونەکانیان بەکارهێنا بۆ کردنە ئامانجی رەخنەگران بەهۆی دەربڕینی رەخنە و بۆچوونەکانیان کە ناڕەزایەتیان بەرامبەر دەسەڵات هەیە.
ئاماژەى بەوەشداوە “لە مانگی ئابى 2022 دەسەڵاتدارانی کوردی، دەیان رۆژنامەنووس و چالاکى مەدەنییان دەستگیرکرد لە پێش ئەنجامدانى خۆپیشاندانێکی رێکخراو.
مافەکانی ژنان
سەبارەت بە مافەکانی ژنان راپۆرتەکەى هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، ئەو ژنانەی کە رزگاربووی توندوتیژین دەستیان ناگات بە پەناگە، پەناگەکان سنوردارن و ژمارەیەکی کەم لە پەناگەی نهێنی ژنان لە عێراقی فیدراڵیدا هەن، کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و پشتگیریی ناکرێن.
یاسای سزادانی عێراقى رێگە بە توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات
راپۆرتەکە رەخنە لە یاساى سزادانى عێراقى دەگرێت و دەڵێت “یاسای سزادانی عێراقى رێگە بە توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات بە بێ لێپێچینەوەی یاسایی، لەوانەش ئەو بڕگانەى رێگە بە مێرد دەدات سزاى هاوسەرەکەى بدات، یاخود دایک و باوک دیسپلینى منداڵەکانیان بکەن، هەروەها سزاى ئاسانکراو بۆ کردەوەى توندوتیژیی لەوانەش کوشتن بە ناوى شەرەف (ئەگەر مێردێک ژنەکەى یان خزمێکى مێینەى لە کردەوەى سێکسکردن لە دەرەوەى هاوسەرگیریی بگرێت)”.
هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەدا رەخنەى زیاتر لە یاساى سزادانى عێراقى دەگرێت و دەڵێت: “یاسای سزادان رێگە بە ئەنجامدەرانی ئەتککردن یان دەستدرێژی سێکسی دەدات لە لێپێچینەوە رزگاریان بێت یان سزاکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەر هاوسەرگیریی لەگەڵ قوربانیەکەیان بکەن.
ئاڕاستەی سێکسی و ناسنامەی جێندەری
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە “هاورەگەزخوازی نێرینە و مێینە، دوورەگەزخواز، رەگەز گۆراوەکان”، بە شێوەی رێکخراو لە عێراق بەئامانج دەگیرێن، بەهۆی ئاراستەی سێکسیانەوە، روبەروی کوشتن و فراندن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، گروپی چەکداری کە هەندێک پەیوەندیان بە حەشدی شەعبی هەیە و “بە ناو” لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانن، رێگەیان بە هێرشە توندوتیژیەکان داوە دژ بە ئەندامانی “پەلکەزێرینە”.
هیومان رایتس وۆچ باس لە یاسایەکی پێشنیازکراو بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە سزای هەر تاک یان گروپێک دەدرێت کە داکۆکی لە مافەکانی ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێرینە بکەن.
بەڵگەنامە مەدەنییەکان
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، ملیۆنێک هاوڵاتی عێراقی بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانیان ئاوارە بوون، ناتوانن بەڵگەنامەکانی وەک (بڕوانامەی هاوسەرگیریی، بڕوانامەی لەدایکبون و مردن، ناسنامەی نیشتمانی) بەدەستبهێنن.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، ئەمە پەیوەستە بە تێروانینی دەسەڵاتدارانی عێراق، کە ئاوارەکان پەیوەندیدارن بە رێکخراوی داعشەوە.
گەڕاندنەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە
هیومان رایتس وۆچ باس لەو عێراقیانە دەکات کە بە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکراون، ژمارەیان 28 هەزارە و وەک هیومان رایتس وۆچ دەڵێت زۆربەیان ژن و منداڵن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2021 و 2022 دا، 3100 هاوڵاتی گەرێندراونەتەوە عێراق لە رێگای حکومەتی عێراقی.
کۆمەڵگەی ئێزدی
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، تاوانی جەنگ بەرامبەر ئێزیدیەکان ئەنجامدراوە لەلایەن رێکخراوی داعش، وەک ئەتککردن و کۆیلایەتی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ، بەڵام هیچ کەیسێکمان دەستنەکەوت کە ئەندامێکی داعش لەسەر ئەو تاوانانە دادگایی کرابن و سزادرابن.
هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوەدەدات، لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، زیاتر لە 200 هەزار رزگاربووی ئێزیدی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە ماونەتەوە.
زەنگی ژینگەیی و تەندروستی
بە گوێرەی زانیاریەکانی هیومان رایتس وۆچ، عێراق پێنجەم وڵاتە کە بەرکەوتەی گەرمبونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوایە.
هیومان رایتس وۆچ هۆکاری وشکەساڵی و کاریگەریەکانی گۆرانی کەش و هەوا، دەگێڕێتەوە بۆ خراپی حوکمرانی و خراپی بەرێوەبردنی دۆسیەی ئاو لە عێراق.
ئەکتەرە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت دوای لەشرکێشیەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق لە 2003، تا ئێستا نوێنەرە نێودەوڵەتیەکان تێوەگلاون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا.
راپۆرتەکە چەند نمونەیەکی لەسەر پێشێلکاری دەوڵەتانی دیکە لە عێراق هێناوەتەوە، لە نێویاندا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان.