تەلسکۆبی “جەیمس وێب”ی گەردوونی تایبەت بە ناسا، یەکەم هەسارەی دۆزییەوە کە هەڵکەوتەیەکی بەردینی هەیە و لە هەسارەی زەوی دەچێت.
هەسارەکە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرە، 99%ى تیرەی زەوی پێکدەهێنێت، هەرچەندە هەڵکەوتەی خاکەکەی هاوشێوەی هەسارەی زەوییە، بەڵام زانایان هێشتا بۆیان دەرنەکەوتووە کە ئایا بەرگەهەوای هەیە یاخود نا.
زانایان هێشتا بۆیان دەرنەکەوتووە ئایا هەسارەکە، بەرگەهەوای هەیە یاخود نا
هەرچەندە تیمی ناسا نەگەیشتوونەتە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە، بەڵام بەدووری دەزانن بەرگەهەوای چڕی هەبێت، بەو پێیەی گازی “میسان” کۆنتڕۆڵی هەسارەکەی کردووە، هاوشێوەی هەسارەى زوحەل.
تەلسکۆبی “جەیمس وێب” ئەوەشی ئاشکراکردووە، هەسارەکە 41 ساڵی روناکی لە زەوییەوە دوورە، چەند سەد پلەیەک لە زەوی گەرمترە، لە ماوەی دوو رۆژ خولێک تەواو دەکات.
هەسارەکە 41 ساڵی روناکی لە زەوییەوە دورە، بە دوو رۆژ خولێک تەواو دەکات
“LHS 475 b” ناوی هەسارەکەیە، هێشتا زانیاریی زۆر ماوە زانایان لەبارەى هەسارەکەوە بیدۆزنەوە، تەلسکۆبە گەردونییەکان توانای بینینی هەسارەکەیان نییە، بەڵام تەلسکۆبی “جەیمس وێب” دووبارە توانای خۆی سەلماندەوە.
مارک کڵامبین، سەرۆکی بەشی فیزیای فەلەکناسی رایگەیاند، ئەم ئەنجامانە دەربارەی هەسارەیەکی بەردین بە هەمان قەبارەی زەوی، دەرگا دەکاتەوە لەسەر زۆر ئەگەر بۆ توێژینەوە لەسەر بەرگەهەوای هەسارە بەردینەکان، لە داهاتوودا لە رێگەی “جەیمس وێب”ەوە.
مارک گوتیشی، جەیمس وێب نزیکمان دەکاتەوە لە تێگەیشتنی نوێ دەربارەی هەسارە هاوشێوەکانی زەوی لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر.
لەگەڵ ئەم دۆزینەوە ناوازەیە، زانایان ئێستا کار لەسەرپێکهاتەی بەرگە هەوای هەسارەکە دەکەن، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند، تیمی ناسا پێیان وایە هەسارەکە بەرگەهەوای نییە، بەڵام بوونی هەندێک پێکهاتەی بەرگەهەوای دوانەئۆکسیدی کاربۆنی بەدوور نازانن.
جاکوب لۆتسگیگر، لە تاقیگەی فیزیای جێبەجێکاری لە زانکۆی جۆنز هۆبکنز، دەڵێت بەرگەهەوایەک کە لە سەدا سەد لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن پێکهاتووە، ئەوەندە چڕە دەستنیشانکردنی زۆر قورسە.
بەرگەهەوایەک کە لە سەدا سەد لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن پێکهاتبێت، هێندە چڕە دەستنیشانکردنی زۆر قورسە
ناسا لە تشرینى دووەمى ساڵی رابردوو رایگەیاند، تەلسکۆبی جەیمس وێب، پێکهاتەی هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری دەرخستووە بە شێوەیەک کە پێشتر نەبینراوە.