یاریدەدەرەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە شوێنیێکی جیاوازدا وەجبەیەکی نوێی تۆمارە نهێنیەکانی حکومەتی ئەمریکایان دۆزیوەتەوە، ئەمەش وەک “شەرمەزارییەکی” سیاسی بۆ کۆشکی سپی سەیردەکرێت.
یەکەم وەجبە چەند دۆسیەکیەکی نهێنی بوون کە دەبوو تەنها لە کۆشکی سپی بوونایە، بەڵام لە ئۆفیسێکی تایبەتی لە واشنتن دۆزرایەوە کە بایدن لە دوای تەواوبوونی پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکای ئەوکات، کە باراک ئۆباما بوو، بەکاریدەهێنا.
ئەم بابەتە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت کە بۆچی ئەو فایلانە لە ئۆفیسەکەی بایدن و لە دەرەوەی کۆشکی سپی بوون.
https://zoomnews.info/%da%86%db%95%d9%86%d8%af%db%8c%d9%86-%d9%81%d8%a7%db%8c%d9%84%db%8c-%d9%86%d9%87%db%8e%d9%86%db%8c-%d9%84%db%95-%d8%a6%db%86%d9%81%db%8c%d8%b3%db%8e%da%a9%db%8c-%d8%a8%d8%a7%db%8c%d8%af%d9%86-%d8%af/
سەرەڕای بایدن، ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش لەبەردەم لێکۆڵینەوەی تاوانکاریدایە بەهۆی ئەوەی گوایە کاری تایبەتی بە فایلە نهێنییەکان کردووە.
فایلە نهێنییەکان، دۆسیە و زانیاریی هەواڵگری ئەمریکا لەخۆدەگرن پەیوەست بە ئۆکراین، ئێران و بەریتانیا
هێشتا روون نەبووەتەوە کە رۆژی چوارشەممە کەی و لە کوێ ئەو بەشە زیادەی فایلەکان لەلایەن یاریدەدەرانی بایدنەوە دۆزراونەتەوە.
وەجبەی یەکەم نزیکەی 10 بەڵگەنامەیە کە لە مانگی تشریی دووەمدا لە سەنتەری پێن بایدن دۆزرایەوە، کە دامەزراوەیەکی فیکرییە لە نزیک کۆشکی سپی، بەڵام لە هەفتەی رابردوودا دۆزینەوەکە راگەیەندرا.
دەگوترێت ئەو فایلە نهێنییانە ئەو دۆسیە و زانیارییە هەواڵگرییانەی ئەمریکا لەخۆدەگرن کە پەیوەندییان بە ئۆکراین، ئێران و بەریتانیاوە هەیە.
سەرجەم دۆسییەکان پەیوەندییان بە سەردەمی جێگری سەرۆکایەتیی بایدنەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکایەتى باراک ئۆباما، بەڵام روون نییە بۆچی لە ئۆفیسێکی تایبەتی دەرەوەی کۆشکی سپیدا بوون.
دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا بەگوێرەى یاساى ئەمریکا سنووردارە و تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە مۆڵەتی تایبەتیان هەیە و دەبێت بزانن لە کوێدا هەڵیدەگرن و دەیپارێزن.
دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا بەگوێرەى یاسا سنووردارە
هەموو تۆمارەکانی کۆشکی سپی بە نهێنیەکانیشەوە، پێویستە دوای ماوەی سەرۆکایەتییەکی نوێ رادەستی دامەزراوەی ئەرشیفی نیشتمانی ئەمریکا بکرێن.
تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەسەر وەجبە نوێیەکەى دۆسیەکان نەداوە، بەڵام دۆزینەوەکە لەلایەن کەناڵى سی بی ئێسی ئەمریکی و میدیاکانی دیکەی ئەمریکا پشتڕاستکراوەتەوە.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى رۆژانەیدا، کارین جان پیێر، سکرتێری رۆژنامەنووسی بایدن رەتیکردەوە لەبارەی دۆزینەوەی دۆسیە نهێنییەکانەوە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لەژێر پێداچوونەوەدایە، گوتیشی “من لەوە زیاتر باسناکەم کە دوێنێ سەرۆک باسیکرد.”
وەڵامی پرسیارەکان نادەمەوە
لەبارەی ئەوەی بۆچی دوو مانگی خایاند تاوەکو هەواڵەکە ئاشکرا بوو، کارین رەتیکردەوە وەڵامەکەى ئاشکرا بکات و تەنانەت ئەوەشی باسنەکرد کە کەی بایدن لەو هەواڵە ئاگادارکرداوەتەوە.
دۆسییە نهێنییەکان تەنها چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسدا دۆزرانەوە.
رۆژی سێشەممە بایدن رایگەیاند “شۆک” بووە کاتێک هەواڵەکەی زانیوە و “هاوکاریی” وەزارەتی داد دەکات لە لێکۆڵینەوەکانی ئەو دۆسیەیە.
ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە جۆبایدنى بایدنی سەرۆکی دیموکراتەکان روبەڕوی رەخنەی زۆرینەی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی کۆمارییەکان بووەتەوە.
بایدن “شۆک” بووە کاتێک هەواڵەکەی زانیوە
جەیمس کۆمەر، سەرۆکی نوێی لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند “ئێستا کە دیموکراتەکان لە واشنتن حوکمی تاک حزبییان لەدەستدا نەماوە، چاودێری و لێپرسینەوەیان ئەگەرێکی لەپێشینەیە بۆیان”
لیژنەکە لە سەرەتادا دەستدەکات بە لێکۆڵینەوە لە سەرۆک و خێزانەکەی، لەهەمانکاتدا داواکارییەک بۆ کۆشکی سپی دەنێرێت کە داوادەکات بەڵگەنامە و پەیوەندییەکانی پەیوەست بە فایلە نهێنییەکان رادەستی وەزارەتی داد بکەن بۆ لێکۆڵینەوە.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بریکارەکانی نوسینگەى ناوەندى لێکۆڵینەوەى فیدراڵى (ئێف بی ئاى) ماڵی ترەمپیان لە فلۆریدا پشکنی و دەستیان بەسەر زیاتر لە 10 هەزار فایلدا گرت کە ترەمپ رادەستی ئەرشیفی نیشتمانی نەکردبوو.
دوای چەند رێکارێکی یاسایی زیاتر لە 300 بەڵگەنامەی نهێنیی، لەنێویاندا 18 بەڵگەنامە کە بە نهێنیترین بەڵگەنامە دادەنرێن لە ماڵەکەی ترەمپ وەرگیرانەوە.