ئەو جوڵەیەى کە بووە خاڵى وەرچەرخان لە مێژووى ناڕەزایەتییەکانی پاش 2003دا، ئەوان سێ ساڵ پێش ئێستا، دروشمى رووخان و “ئیرحەل”یان بەڕوى ئەو سیاسیانەدا بەزرکردەوە، کە پاش نەمانى دیکتاتۆریەت بەڵێنى ژیانێکى خەیاڵییان بە هاوڵاتیانى عێراق دەدا.
بەڵام هەموو دەستکەوتى حکومڕانییەکەیان بۆ گەلى عێراق:
خۆپیشاندەران:
گەندەڵیی، بێکاریی و بێ خزمەتگوزاریی بوو
رۆژى 1ى تشرینى یەکەمى 2019 بۆ یەکەمجار خۆپیشاندان لە بەغداد دەستیپێکرد، کە دواتر بەخێرایی زۆربەى پارێزگاکانی باشوورى دەوڵەمەند بە نەوت و هەژار لە خزمەتگوزارییدا گرتەوە، خۆپیشاندانەکان ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ئابوورى وڵات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و بێکاریی.
داواکاری خۆپیشاندەران گەیشتە رووخاندنی دەسەڵات، کە سەرەنجام دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی و پێکهێنانی حکومەتی کاتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەى لێکەوتەوە.
خاڵێکى جێگەى سەرنجى خۆپیشاندانەکانى تشرین. نیشاندانى ناڕەزایەتى بوو بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروبارى عێراق، بەوهۆیەوە لە زۆرێک لە ناوچەکان ئاڵای ئێران سوتێندرا.
هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکان بە توندى روبەڕوی ئەم خۆپیشاندانانە بوونەوە، کوژراو و بریندارەکان ژمارەیەک نییە رێککەوتنى لەسەر بێت، بە گوێرەى ئاماری کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کوژراوانى خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ماوەی دوو مانگدا، 495 کوژراو بووە و زیاتر لە 21 هەزار کەسیش برینداربوون، هەروەها كۆمسیۆنەکە دەڵێت 170 خۆپیشاندەران فڕێندراون بەبێ ئەوەی شوێنیان بزانرێت.
نائارامی تشرین بە گەورەترین نائارامی لە عێراق دادەنرێت ، لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دژ بە داعش لە کانوونی دووەمی 2017 ، سوتاندنی كونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف و كۆمەڵكوژیی ناسرییە، بە خوێناویترین رۆژەكانی ناڕەزایی نێو خۆپیشاندانەکانی تشرین هەژماردەکرێت.
خۆپێشاندانى تشرینییەکان، زۆرجار تێکەڵ بە خۆپیشاندانی سەدرییەکان دەبێت، هەرچەند دەیانەوێت سەربەخۆی خۆیان بپارێزن، بەڵام پێیان دەگوترێت، ئەوانیش سەر بە سەدرییەکانن.
سەعدون دامەد، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی عێراقى لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرین، رێککەوتنێک لەنێو هێزە سیاسییەکان هەبووە بۆ ئەوەی بەشدارى خۆپیشاندان نەکەن، دامەد ئاماژە بەوە دەکات، کە رەوتى سەدریش “ترس”ی هەبووە لەوەى بەشداری خۆپیشاندانەکان بکات.
تشرینییەکان سێ ساڵە، بە هەمان داوای پێشتریان، لەکاتی نارەزایەتی و مانگی تشریندا دێنەوە سەر شەقامەکان، ئەمە جگە لەوەی بە دوو فراکسیۆن، لە پەرلەمانی عێراق نۆ کورسییان هەیە.