زووم:
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، بەیانى ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئیران پینج کەسی زیندانى دیکەیان لەسێدارەدا، کە دووانیان خەڵکى رۆژهەڵاتی کوردستانن.
رێکخراوی هەنگاو رایگەیاندووە، هەر پێنج زیندانەکە لە زیندانی شاری ئەراک بوون، ئەوان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لەسێدارەدراون.
کەیوان و ئازاد کوردن
کەیوان ئەمینی تەڤەکۆل و ئازاد دادوەند خەڵکی شارەکانی بانە و سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانن، کە لەنێو پێنج زیندانییە لەسێدراوەکەدان.
پێش دوو رۆژ هاوڵاتییەکى دیکەى کوردى رۆژهەڵاتى کوردستان بە ناوى پەیمان عەرەب، کە خەڵکى ناوچەى سۆماى برادۆستی ورمێ، لە زیندانى رەجاى شەهرى کەرەج لەسێدارەدرا.
لە 12 رۆژدا 9 هاوڵاتى کورد لەسێدارە دراون
نۆی مانگیش دوو کوردى دیکە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر لە زیندانەکانى بەندەرعەباس و کەرەج لەسێدارەدران.
بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى هەنگاو، لە 12 رۆژی سەرەتاى ئەمساڵدا، نۆ هاوڵاتى کورد لە ئێران لەسێدارەدراون.