ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەتی دینا بۆلورتێ، سەرۆکی پیرۆ کە مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی کوژانى 48 کەس و رۆژی چوارشەممە لە باشوری وڵاتەکەدا لە شاری گەشتیاری کەسکۆو گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو.
بەرپرسانی تەندروستی لە کەسکۆو رایانگەیاندووە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە دەستبەسەر فڕۆکەخانەی شارەکەدا بگرن، 37 هاوڵاتی مەدەنی و شەش ئەفسەری پۆلیس برینداربوون.
خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە دەستبەسەر فڕۆکەخانەی کەسکۆو بگرن
لە خۆپیشاندانەکاندا کە نزیکەی 41 شاری باشوری وڵاتەکەی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران بە ناڕەزایەتی و گرتنی رێگاکان دژایەتی خۆیان بۆ سەرۆک دینا و پشتیوانییان بۆ سەرۆکی لابراو پێدرۆ کاستیلۆ دەربڕیوە.
پشێوییەکان لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا پاش لەسەرکارلادان و دەستگیرکردنی کاستیلۆ دەستیپێکرد، ئەمەش دوای هەوڵە بەرفراوانەکانی هات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی و راگرتنی لێپێچینەوەکانی.
ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە گوندنشینە پشتگوێخراوەکانی وڵاتەکەدا سەریانهەڵداوە
ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە گوندنشینە پشتگوێخراوەکانی وڵاتەکەدا سەریانهەڵداوە. خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی دەستبەجێ و دەستلەکارکێشانەوەى دینا بۆلورتێ و ئازادکردنی کاستیلۆ دەکەن.
رۆژی دووشەممە پێرۆ خراپترین رۆژی تێپەڕاند بەهۆی ئەوەی 17 خۆپیشاندەر لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ پۆلیس لە شاری جولیاکا کوژران. بەڵام دواتر خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ئەفسەرێکی پۆلیس و گڕیان تێبەردا و گیانی لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی تەندروستی لە کەسکۆو رایانگەیاند، هاوڵاتییەکی مەدەنی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
لە ئەنجامی گرژییەکاندا تا رۆژی چوارشەممە 48 کەس گیانیان لەدەستداوە
پێشتر نوسینگەی داکۆکیکاری یاسا و ئازادییەکان لە وڵاتی پیرۆ رایگەیاندبوو، بەهۆی پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا 39 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و حەوت کەسی دیکەش لە روداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە کە پەیوەندییان بە داخستنی رێگاوبانەکانەوە هەبووە، هەروەها ئەفسەرێکی پۆلیسیش کوژراوە. لە ئەنجامی گرژییەکاندا تا رۆژی چوارشەممە 48 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە حکومەتی پیرۆ لە شاری پونۆی باشوری وڵاتەکەدا قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە کاتژمێر 8ی ئێوارەوە بۆ 4ی بەیانی راگەیاند.
داواکاری گشتی نیشتمانی رایگەیاندووە، داوای زانیارییان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ کردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لە دژی بۆلورتێ و بەرپرسانی دیکە کە بەهۆیانەوە خەڵکێکی زۆر لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.
لە شاری جولیاکای ویلایەتی پونۆ، ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری ئەو 17 کەسەی لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی دووشەممەدا کوژراون شانبەشانی تابوتەکانییان رێپێوانیان دەکرد.
پارچە کاغەزێک کە بە تابوتی یەکێک لە کوژراوەکانەوە هەڵواسرابوو، لە ئاماژەیەکدا بۆ سەرۆکی ئێستای پیرۆ لەسەری نوسرابوو: “دینا بە فیشەک کوشتمی.”
سەرۆک بە فیشەک کوشتمی
کەسوکاری قوربانییەکان دروشمی “ئەم دیموکراسیە چیتر دیموکراسی نییە”یان دەوتەوە و کاتێک بەلای بنکەیەکی پۆلیسدا تێپەڕین، هاواریان دەکرد بە سەر پۆلیسەکان کە ئەوان “بکوژن.”
لەلایەکی دیکەوە شاندێکی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ سەردانی پیرۆیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ناڕەزایەتییەکان و وەڵامی پۆلیس بۆ خۆپیشاندەران.
دینا بۆلورتێ، پێشئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرێت، هاوڕێی پێشووی کاستیلۆ بووە لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا. لە دوای خۆپیشاندانەکانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، پشتگیری لە پلانی پێشخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و کۆنگرێس بۆ ساڵی 2024 دەکات کە لە سەرەتادا بڕیار بوو لە ساڵی 2026 ئەنجام بدرێن.
هەروەها پشتگیری خۆی بۆ لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان دەربڕیوە کە ئایا هێزە ئەمنییەکان بە هێزی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردووە یان نا.
بەڵام هیچ کام لەم هەنگاوانەی سەرۆک نەیانتوانیوە توڕەیی خۆپیشاندەران دامرکێنێتەوە، کە دوای پشوویەکی کورت بەبۆنەی پشووەکانی کریسمس و سەری ساڵ، بە بەهێزی لە هەندێک لە هەژارترین ناوچەکانی پیرۆ دەستیانپێکردەوە.
کاستیلۆ، سیاسییەکی نوێیە لە وڵاتی پێرۆ و پێش ئەوەی بچێتە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ماڵێکی سادەی دوو نهۆمیدا لە بەرزاییەکانی ئەندیدا دەژیا، لە ساڵی 2021 سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا کە دامەزراوەی سیاسی پیرۆی هەژاند و ئەو جیاکارییە قووڵانەی نێوان دانیشتوانی لیمای پایتەخت و ئەو لادێیانەی کە لە مێژە پشتگوێ خرابوون ئاشکراکرد. بەڵام لە 7ی کانونی یەکەمی 2022دا بەهۆی هەوڵی کودەتا بەسەر کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا لە پۆستەکەی دورخرایەوە و زیندانیکرا