لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەم کاتانە 2.5 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دووکاندا بوو، بەڵام ئێستا 2.3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، واتە نزیکەی 200 ملیۆن مەتر سێجا لەچاو ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوەکە کەمی کردووە .
بەنداوی دوکان، ساڵانە بەتەواوی پشت بەو بارانانە دەبەستێت کە لە ناوچەکەدا دەبارێت، سەرچاوی سەرەکی ئاوی دوکان زێی بچووکە و سەرچاوەی زێی بچوکیش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵدەقەڵێن، ٪40ی ئەو لقانەی کە دەڕژێنە نێو زێی بچوکەوە لە ئێرانەوە دێن و ٪60ی دیکەش لەنێو هەرێمی کوردستاندان، بەڵام ئاوی لقەکانی بەرزاییەکانی رۆژهەڵات زۆر لە لقەکانی نێو هەرێمی کوردستان زیاترە.
سەلام نەجم محەمەد لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دوکان، لەم بارەیەوە دەڵێت، بەنداوەکانی ئێران ئاوی دەریاچەی دوکانیان زۆر کەم کردوتەوە، لە وەرزی وشکەساڵیدا ئێران بەپێی ئیشپێکردنی بەنداوەکان ئاو بەردەداتەوە.
ئەو دەڵێت. لە ئێستادا پێنج بۆ دە مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەدرێتەوە.
سەبارەت بە بەرنامەی کاری بەنداوی دوکان و بەردانەوەی ئاوی دەریاچەکە سەلام نەجم دەڵێت، بەرنامەی زستانە لە مانگی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات تا کۆتایی مانگی حوزەیران، بەرنامەی هاوینەش لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، ئەم ئاوەی رۆژانە بەر دەدرێتەوە یەکەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە.
ئاوی سلێمانیش لە دەریاچەی دوکانەوە وەردەگیرێت کە رۆژانە پێویستی بە نزیکەی پێنج مەتر سێجا لە چرکەیەکدا هەیە، رۆژانە نزیکەی 100 مەترێک ئاو بەردەدرێتەوە، کەمبوون و زۆربوونی ئاوی سلێمانی پەیوەندی بە دابەشکردنی ئاوی سلێمانی خۆیەوە هەیە نەک کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دووکانەوە .
بەنداوی دووکان
– بەرزی دیواری بەنداوەکە 116.5،درێژەکەی 260 مەترە
– بەرزی بەنداوەکە لە ئاستی رووی دەریاوە 516 مەترە
– روبەری ئەو زەوییەی کە بەنداوەکە ئاوی دەدات 11690 کیلۆمەتر دووجایە
– توانای گلدانەوە بڕی 6.8 میلیارد مەتر سێ جا ئاوی ھەیە
بەڵام لە ئێستادا چاوەڕێی رەحمەتی بەنداوەکانی ئێران دەکات