زووم، ئاژانسەکان:
لەوکاتەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە یانەی نەسری سعودییەوە کردووە، چاوی میدیای جیهانی چووەتە سەر ریازی پایتەخت، ئەستێرە پورتوگالییەکە بە وردیی لەلایەن میدیا و هاندەرانەوە چاودێریی دەکرێت.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ئەستێرەکەی پێشووی مانچستەر یونایتد و ریاڵ مەدرید لە هیچ یارییەکی یانەی نەسردا بەشداریی نەکردووە، بەڵام لە دوایین یاریی یانەکەدا بەر لە هەموو یاریزانەکانی دیکە هاتە نێو یاریگەوە، وێنەی لەگەڵ هاندەراندا دەگرت و زوومی کامێرای لەسەر بوو.
تێکەڵبوونی لەگەڵ هاندەران و هاتووچۆکەی لەنێو یاریگەدا هێندەی ئەو وێنەیە کاردانەوەی دروستنەکرد، کە تێیدا کاتژمێرەکەی دەستی دەرکەوتووە.
وێنەی کاتژمێرەکەی رۆناڵدۆ بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستی پێکرا، هاندەران سەریان سوڕمابوو لەوەی “ژمارەی سەر کاتژمێرەکە عەرەبی بوون”.
#العربية_نت تكشف قصة ساعة #كريستيانو_رونالدو التي تحتوي على أرقام عربية https://t.co/VMA1sZQg25 #العربية
— العربية السعودية (@AlArabiya_KSA) January 11, 2023
رۆناڵدۆ هەمیشە بەوە ناسراوە جلوبەرگ و کاتژمێر و پێڵاو و شتەکانی دیکەی لەگەڵ ئەو شوێنەدا دەگونجێنێت، کە سەردانی دەکات. هەر ئەمەش نهێنیی کاتژمێرەکەی دەستیەتی کە ژمارەی عەرەبی لەسەرە، بەوپێیەی هاتووەتە وڵاتێکی عەرەبی.
کەناڵی ئەلعەرەبیە، ئاماژەی بەوەداوە، کاتژمێرەکەی رۆناڵدۆ مارکەی رۆڵێکسە و ئەڵماسی تێدایە. بۆ دروستکردنیشی سوود لە دیزاینی فەرەنسی وەرگیراوە.
نرخی کاتژمێرە دەستییەکەی رۆناڵدۆ 650 هەزار ریاڵی سعودییە، کە دەکاتە نزیکەی 175 هەزار دۆلاری ئەمریکی (17 دەفتەر دۆلار). یەکەم دیزاینی هاوشێوەی کاتژمێرەکە لە ساڵی 1963 بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی پێشبڕکێ دروستکرابوو. کاتژمێرەکەی رۆناڵدۆ دژە ژەنگە، لە سیرامیک دروستکراوە، بەرگەی تیشکی سەروو بنەوشەیی دەگرێت، چینێکی تەنک لە ئاڵتونیشیدا تێدایە جگە لە ئەڵماس.