خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی، نۆ رۆژی تەواو کردووە و پێدەنێتە رۆژی دەیەمەوە.
ئەو نۆ رۆژە، خوێنی تێکەوتووە، خۆپیشاندەر بریندار بووە، سەدانی دیکەیش دەستگیرکراون
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆماردەکات، ئامارێکی وردی لەبارەی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردوەتەوە.
هەنگاو دەڵێت لەو نۆ رۆژەدا 18 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون
واتە 12 کاتژمێر جارێک، خۆپیشاندەرێک کوژراوە.
لەو نۆ رۆژەدا رێکخراوی هەنگاو برینداربوونی 898 خۆپیشاندەری تۆمارکردووە، جگە لە دەستگیرکردنی زیاتر لە هەزار کەس، کە ناسنامەی 300 کەسیان لەلای رێکخراوی هەنگاو تۆمارکراوە، لەو 300 کەسە 44یان ژنن، 19 کەسەکەی دیکەیش مێردمنداڵن.
زۆرترین ئاماری کوشتن لە شاری شنۆ بووە: چوار خۆپیشاندەر کوژراون
زۆرترین برینداریش لە شاری سنە بووە: 136 خۆپیشاندەر بریندار بوون
ئامارەکان لەسەر نەخشە چۆن دەردەکەون؟
پارێزگای ئورمیە
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئورمیە زۆرترین ئاماری کوشتنی تێدا بووە
لەو نۆ رۆژەدا هەشت کەس کوژراون
چواریان لە شاری شنۆ بوون
سیانیان لە شاری ئورمیە و دانەکەی دیکەیش لە پیرانشار بووە
پارێزگای ئورمیە زۆرترین برینداریشی هەبووە
بە کۆی گشتی لە نۆ شاری سەر بە پارێزگاکە 384 خۆپیشاندەر بریندار بوون
زۆرترین بریندار لە پیرانشار بووە، 96 خۆپیشاندەر لەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندارکراون
پارێزگای کرماشان
لە دوای ئورمیە، لە پارێزگای کرماشان زۆرترین خۆپیشاندەر کوژراون
لەو نۆ رۆژەدا پێنج خۆپیشاندەر کوژراون، کە سیانیان لە ئیسلامئابادی غەربی بوون و دوانەکەی دیکەیش لە شاری کرماشان
ژمارەی بریندارەکانی پارێزگاکەیش 87 خۆپیشاندەر بووە
پارێزگای سنە
بە کۆی گشتی لەسەر ئاستی پارێزگای سنە چوار خۆپیشاندەر کوژراون، کە دوانیان لە دیواندەرە بوون، یەکێک لە سەقز و ئەوی دیکە لە دێولان بووە
376 خۆپیشاندەریش بریندار بوون، زۆرترینیان لە شاری سنە بووە، کە ژمارەکەی 136 بریندارە
پارێزگای ئیلام
لە پارێزگای ئیلام یەک خۆپیشاندەر کوژراوە، کە لە شاری ئیلام بووە
51 خۆپیشاندەریش بریندار بوون، 34 یان لە شاری ئیلام بوون، 11 لە ئەیوان و شەش برینداریش لە ئاودانان