هێشتا ئەنجامى دادگاییکردنى دوێنێى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) ئاشکرانەکراوە، بەڵام زۆرینەى لایەن، رێکخراو و کەسایەتییەکان ترسی داخستنى هەدەپەیان هەیە و بە هەوڵێکى نایاسایی دەزانن.
کاردانەوەکان لە ئاستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسیەکان، لە بەرامبەر فشارەکانی دەسەڵاتی تورکیا لەسەر هەدەپە بەردەوامن. دەیان رێکخراو، سەدان کەسایەتی و چەند پارتێکی سیاسی، بڕینی بودجەی هەدەپە لە گەنجینەی دەوڵەت و هەوڵی داخستنی پارتەکە بە هەنگاوێکی نایاسایی ناو دەبەن.
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی هەدەپە بەشێوەیەکی فەرمی داوایان کردبوو، دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی پارتەکەیان بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، بەڵام دوێنێ 10ی کانونی دووەمی 2023، دادگای دەستووری تورکیا، یەکەمین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپەى ئەنجامدا.
لە دانیشتنەکەدا بەکرد شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا لەدژی هەدەپە بە شێوەیەکی زارەکی قسەی کرد، کە سکاڵاکەی دژی هەدەپە لەلایەن ئەوەوە تۆمار کراوە. لەهەمانکاتدا پارێزەرانی هەدەپەش بەرگریان کرد.
هەفتەی رابردوو هەمان دادگا، بەشێوەیەکی کاتی هەژمارە بانکیەکانی هەدەپەی بلوککرد کە بودجەی پارتەکە لە گەنجینەی دەوڵەت دەچووە سەر ئەو هەژمارە بانکیانە.
لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری تورکیا کە لە 15 کەس پێک دێت، چەند رۆژی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسی داخستنی هەدەپە دەدەن. پێویستە لە کۆی 15 دادوەرەکە 10 دادوەر بڕیاری داخستنی پارتەکە پەسەند بکەن.
مەحمود ئوچون، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، هەدەپە پەیوەندى بە پەکەکەوە هەیە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسیەکان دابخرێت.
کەمال کلچدارئۆغلۆ، لە کۆبونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، ئاماژەی بە فشارەکانی سەر هەدەپە کرد و رایگەیاند، ئەوان هەوڵدان بۆ داخستنی پارتەکان و بڕینی بودجەکانیان بە کارێکی نادیموکراسی و نادروست دەزانین.
کلچدارئۆغلۆ گوتی “ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی هەبێت، پێویستە باوەڕمان بە ئازادی بیرکردنەوەش هەبێت. داخستنی پارتە سیاسیەکان، نەریتێکی سەردەمی سەربازییە. نابێت لە سەردەمی دیموکراسیدا پارتەکان دابخرێن. ئێمە ئەم هەنگاوی دژی هەدەپە قبوڵ ناکەین.
لەلایەکی دیکەوە، 76 رێکخراوی ناحکومی و دوو هەزار و 393 کەسایەتی و هاوڵاتی تورکیا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی بڕینی بودجەی هەدەپە و هەوڵی داخستنی پارتەکە بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “بڕیارەکەی دادگای دەستووری، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەدەپە لە دۆخێکی خراپدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، هەروەها مافی دەنگدەرانیش پێشێل دەکرێت کە سەرلێشێوانێک دێنێتە ئاراوە.”
رێکخرا و کەسایەتیەکان دەڵێن، ئاشکرایە، هەڵبژاردنێک کە بەم بڕیارانە سنوردار بکرێت، ناتوانێت هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، دیموکراسی و بەگوێرەی پرەنسیپی یەکسانی بێت و ئەوەیان خستەڕوو، ” داواکارین ئەو بڕیارە کە دەستێوەردانێکی زۆر روون و ئاشکرایە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا و هەنگاوێکی نادادپەروەرانە، بڕیاری نایاسایی و نادیموکراسیە هەڵبوەشێندرێتەوە.
میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە بە کەناڵی هابەر تورک گوت، دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا روونە. دیارە دەسەڵات کاریگەری لەسەر بڕیارەکان هەیە.
سانجار گوتی، “داوا لە دادگای دەستووری دەکەین، دوای هەڵبژاردن بڕیاری داخستنی بدرێت. چوونە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بە تەنیا کاریگەری لەسەر هەدەپە نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنیش دەبێت. ئێمەش وەک هەدەپە خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە کردووە.”
Merhabalar,
Moralinizi bozmaya, motivasyonunuzu dağıtmaya, umudunuzu kırmaya çalışanlara gözünüzü, kulağınızı kapayın ve HDP'ye güvenin.
Sadece ufka bakın, mücadelenizi her gün büyütün ve seçime odaklanın.
Hep birlikte kazanacağız.
Hep birlikte yaşayacağız.
— Selahattin Demirtaş (@hdpdemirtas) January 11, 2023
لەبارەی پرسی داخستنی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش تویتێکی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش دەڵێت “ورەتان هەبێت، گوێ بەوانە مەدەن کە دەیانەوێت بێهیواتان بکەن، متمانەتان بە هەدەپە بێت. سەیری ئاسۆ بکەن. کارکردنتان فراوان بکەن و سەرنجتان لەسەر هەڵبژاردنەکان بێت. هەموومان پێکەوە سەردەکەوین و پێکەوە دەژین”.